یاسمینه نیلسۆن، په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپ، وته‌بێژی سیاسەتی دەرەوە و ئەندامی دەستەی کاری دەرەوەی په‌رله‌مانی سوێد، ڕایگه‌یاند؛ 'ئامانجی هێرشەکانی تورکیا، چەوساندنەوەی کوردان و داگیرکردنی ئەو هەرێمانەیە کە ئاشتی و ئارامییان تێدا بەرقەرارە.
نیلسۆن، کە هەفتەی ڕابردوو بۆردومانکردنی عەفرین و کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی سیڤیلی خسته ڕۆژەڤی په‌رله‌مانه‌وه. له نامه‌یه‌كی فه‌رمیدا بۆ په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردبوو کە تورکیا لەمێژه بەرەو دەوڵەتێکی خۆسەپێن هەنگاو دەنێت کە نەیارەکانی حکوومەت و کوردان دەخاتە گرتووخانەکانەوە.
نیلسۆن، ڕەخنە لە سیاسەتی وه‌ڵاتەکەی و یەکێتی ئەورووپا دەگرێ و دەڵێت: یەکێتی ئەورووپا لە جیاتی راگرتنی هاوکارییەکان بۆ توركیا، بۆ ئەوەی پەنابەرەکان لە تورکیا بمێننەوە، بێدەنگی هەڵژاردووە و یارمەتی ئەو ده‌سه‌ڵاته خۆسەپێنە دەدات. نیلسۆن هەروەها پرسیاری ئاراسته‌ی وەزیری دەرەوەی سوێد كردووه و ده‌ڵێت: بۆ ڕاگەتنی بۆردومانەکانی سەر عەفرین و ڕاوەستاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ تورکیا چیتان کردووە؟
یاسمینه نیلسۆن، باس له دژایه‌تی توركیا بۆ سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی ڕۆژئاوا ده‌كات و ده‌ڵێت:
«لە عەفرین یه‌كسانی لە نێوان ژنان و پیاوان بەرقەرارە و ئەردۆغان خوازیارە مافی ژیانێکی دێموکرات و هەڵبژاردنێكی ئازاد لەناو بەرێت.»
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتیی چه‌پی سوێد له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند؛ ئەردۆگان لەسەر تورکیاش مەترسییەکی گەورەیە و ئەو بۆ ئەوەی کە هێرشەکانی خۆی ڕەوا پیشان بدات، دەڵێ: یەپەگە و یەپەژه لەسەر تورکیا مەترسین. لە کاتێکدا کە ئەوان لەدژی داعش شەڕیان کرد و هەوڵ دەدەن ناوچەکە دێمۆكراتیزه بکەن.
یاسمینه نیلسۆن ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، تورکیا ئەو مافەی نییە کە به بیانووی پەیوەندی یەپەگە\یەپەژە له‌گه‌ڵ پەکەکە، هێرش بكاته سەر هاوڵاتیانی عەفرین. ناوبراو داواش ده‌كات بە زووترین کات پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان دەربهێنرێت.
یاسمینه نیلسۆن، كۆمه‌ڵێك داواكاری ده‌خاته به‌رده‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد و دەڵێت:
«پێویستە وەزیری دەرەوەی سوێد، بەر لە هەموو شتێک ڕاشکاوانه ئەو دەستدرێژی و هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی عەفرین شەرمەزار بکات. پێویستە له دژی ئه‌و هاوكارییه داراییه بوه‌ستێته‌وه كه یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌ناوی په‌نابه‌ران ده‌یداته توركیا. پێویستە بەهۆی ئەو هێرشانەوە، پەیمانە بازرگانییەکان بەتاڵ بکرێنەوە. پێویستە یارمەتییەکانی یەکێتی ئەورووپا نەک بۆ دەستبەسەرکردنی نەیارانی حکوومەت، بەڵکوو بۆ گەشەی دێمۆكراتی و پێشێل نەکردنی مافەکانی مرۆڤ بێت.»
یاسمینه نیلسۆن، په‌رله‌مانتاری پارتیی چه‌پی سوێد لە درێژەی قسه‌كانیدا ڕوو له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژئاوا و گه‌لی عه‌فرین ده‌ڵێت:
«ئێمە وەکوو پارتیی چەپ، پشتیوانی لە خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتی دەکەین. بە ڕێزەوە سەیری تێکۆشانی ئێوە لە دژی داعش دەکەین. ئێمە لە نیزیکەوە چاودێری پاراستنی به‌هاكانی کۆمەڵگەی دێموکراتی و مافە دێمۆکراتییهكان، لە لایەن ئێوەوە دەکەین. وەک پارتیی چەپ لە تەواوی چالاکییەکان بۆ پشتیوانی لە عەفرین بەشداری دەکەین و چیمان لەدەست بێ بۆ فشار خستنە سەر حکوومەت، به مه‌به‌ستی هەڵگرتنی هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاوەستاندنی ئەو هێرشانه ئەنجامی دەدەین.»
ش. م