لە ١٧ وڵات و لە ١٥ نەتەوەی جیاواز، ٢٠٠چالاکوانی نێونەتەوەیی، بە درووشمی ئازادی بۆ ئۆجالان، ستاتۆی سیاسیی بۆ کوردستان، با بەس بیت هێرشکردنە سەر عەفرین، لە ٨ی شوبات/١٩ی ڕێبەندان، لە لۆکزامبورگەوە ڕێپێوانێکیان دەست پێکردووە.
چالاکوان، یەک شەو لە شاری تالانگ بوون و بەیانی بەرەو ماتزێ، بەڕێ کەوتن. لەو ڕێپێوانەدا هاوولاتیانی ئامریکای لاتین، وڵاتانی ئیسکاندیناوی، پەرتوگاڵ، ئیسپانیا و زۆر وڵاتی دیکە بەشدارن. چالاکوانان، وەکوو ڕۆژی پێشووتر گردبوونەوە و کارەکانیان دابەش کرد.
چالاکوانان لە هەر شوێنێک درووشمی پشتیوانی عەفرین و ئازادی ئۆجالان دەڵێنەوە و بەیاننامە بەسەر هاووڵاتیاندا بڵاو دەکەنەوە و داواکارییەکانی خۆیان دێننە سەر زمان. یەکشەممە، فەرەنسا تێپەڕ دەکەن و بەرەو لۆزانی سوییسرا دەڕۆن. ١٦ی شوبات/٢٧ی ڕێبەندان-یش لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکی دانیشتن بەڕێوە دەبەن.
شوان زەردەشت، بەنێوی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانەکە ڕایگەیاند کە ''ڕێپێوانەکەیان سەرکەوتووانە درێژەی هەیە. لە سێهەمین ڕۆژدا ژمارەی چالاکوانان زیادی کردووە. بۆ ژیانێکی هاوبەش ١٠ کۆمین-مان درووستکردووە. هەرکەس لە کۆمینێک دا جێدەگرێ و یارمەتی یەکتر دەدەن. ئەو کۆمینانە سێمیناریش ساز دەکەن و هەر کەسێک باسی شۆڕش و ئازادی وڵاتەکەی خۆی دەکات. یەکێک لەو خاڵانەی کە هەمووان لەسەری هاوفکرن، پتەو کردنی ئەو یەکگرتووییەیە.
هەروەها لە نێو چالاکواناندا، دەستەیەک بۆ چاوپێکەوتن دامەزراوە. ئەوڕۆ لەسەر نێوی چالاکوانان، نورسەل کلچ(نوێنەری ژنانی کوردی نێونەتەوەیی) لەگەڵ شاندێکی هاوڕێی لە هاووڵاتیانی کاتالۆن و ئیسپانی، چاویان بە پەڕڵەمانتەری پارتیی کۆماری و پەڕڵەمانتەری پارتیی حکوومەت، کەوەت. کلچ، ڕەخنەی لە تێکەڵی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لەگەڵ تورکیا گرت و وتی: ''لە ڕۆژاوا، سەرەڕای ئەوەی کە فەڕەنسا لەگەڵ یەپەگە ڕێکەوتن دەکات، بەڵام دەربارەی کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا لە عەفرین بێدەنگە. پێویستە فەڕەنسا لەسەر ئەو بابەتە خاوەنی هەڵوێستێکی ڕوونتر بێت. تورکیا لە دژی خەڵکی مەدەنی، چەکی کیمیاوی بەکار دێنێت".
چالاکوانی کاتالۆنیا-ش ڕایگەیاند کە ''مۆدێلی ڕۆژاوا بۆتە هیوای هەموو گەلێک و ئێمە لەو هێرشانە زۆر نیگەران و بە گومانین".
پەڕڵەمانتەری فەڕەنسا-ش دەربارەی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕایگەیاند: '' من لە کۆمیسیۆنی کاری دەرەوەی فەڕەنسا کار دەکەم. فەڕەنسا هەوڵی بۆ راوەستاندنی هێرشەکان داوە و هەوڵ دەدەین زیاتری بکەین. پێویستە تورکیا بەپەلە ئەو هێرشانە ڕاگرێت کە بەهۆیانەوە خەڵکی مەدەنی خەسارمەند دەبن".