کوردستانیانی ئەورووپا به‌رده‌وامن له‌ چالاكی بۆ عه‌فرین

کوردستانیانی نیشتەجێی ئەورووپا، بۆ شەرمەزار کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، پەرە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.

لە زۆرێک لە شارەکانی ئه‌ڵمانیا، فەڕەنسا، سویسرا و به‌ریتانیا کوردان و دۆستانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر عەفرین شەرمەزار کرد.

مونیخ

لە شاری مونیخی ئه‌ڵمانیا، لە بەردەم كۆنسوڵخانه‌ی ڕووسی، هه‌ڵوێستی ڕووسیا بۆ پشتیوانی كردنی هێرشه‌كانی توركیا ئیدانه‌ کرا.

فڕانکفۆرت

لە فڕانکفۆرت به ڕێپێوان و کۆبوونەوەی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار کران. چالاکییەکە لە بەردەم كۆنسوڵخانه‌ی ڕووسیاوە دەستی پێکرد و چالاکان بە دروشمی «ئەردۆغان دەکوژێ، مێرکڵ پشتیوانی دەکات» دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

هامبۆرگ

لە هامبۆرگیش چالاکیی ئیدانه‌کردن بەڕێوەچوو. پەڕله‌مانتارانی پارتی چەپی ئەڵمانیا بەشدارییان تێدا کرد.

به‌رلین

لە به‌رلینی پایته‌ختی ئەڵمانیا، لە به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی تورکیا، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری توركیا و چەتەکانی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین شەرمەزار کرا و داوای ڕێگرتن لەو هێرشانەیان لە حکوومەتی ئەڵمانیا کرد.

دارمشتاد

لە شاری دارمشتادی ئەڵمانیا، بە دروشمی «بژی بەرخۆدانی عەفرین» چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

ئوڵم

لە شاری ئۆڵمی ئەڵمانیاش، چالاکییەکان درێژەیان هەیە، دوێنێ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوە چوو.

دەنهاگ

لە شاری دەنهاگی هۆڵەندا، بە دروشمی «هەموو شوێنێک عەفرینە و لە هەموو شوێنێک بەرخۆدانه‌» پلاتفۆرمێکی پستیوانییان دامەزراند.

ڤییەنا

لە ڤیه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا، هێرشی سەر عەفرین شەرمەزار کرا. لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دۆستانی ئاشتی لە سووریا كه‌ له باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچوو، گەل لە بەردەم بیناکه، چالاکی ئیدانه‌كردنی بەڕێوەبرد.

به‌ریتانیا

لە شارەکانی مەنچسته‌ر، ئیسکۆچیا، بێرمنگهام، بریگتۆن، رەئادین و گالەر، هێرشی دەولەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین شەرمەزار کرا.

لاڤریۆ

لە شاری لاڤریۆی یۆنان، بە بەشداری سەدان کەس چالاکی ئیدانه‌كردن بەڕێوەچوو.

تریئه‌سته‌‌

لە تریئه‌سته‌ی ئیتالیا، کوردستانی و دۆستانیان، دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد.

جرەیل

لە شاری جرەیلی فەڕەنسا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ڕێپێوانێک شەرمەزار کرا.

زوریخ

لە شاری زوریخی سویسرا، کوردستانیان و دۆستانیان بە ڕۆژانە لە چالاکی دان. ئەمڕۆش بە ڕێپێوانێک دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار کرا.

بێرن

کوردستانیان و دۆستانیان، لەبەردەم وێستگەی قیتاری ناوەندی کۆبوونەوە و به دروشمی '«ئەردۆغانی بكوژ» هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان ئیدانه‌ كرد.

ستاڤانگەر

لەشاری ستاڤانگەری نۆروێژ، بۆ خاوەن دەرکەوتن لە بەرخۆدانی عەفرین چالاکی بەڕێوە چوو. دوای ڕێپێوان،  جەماوەر کۆبوونەوە و ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، قسەی بۆ بەشداربووان کرد.