ئەمرۆ کۆمیسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بەبۆنەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە.
کەنەکە ڕایگەیاند، ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان ڕێیان بۆ ئازادی گەلی کورد کردووەتەوە و لەو ڕێیەدا تێکۆشانیان کردووە، ئەم ڕاستییە ئێستا لە عەفرین دا ڕوودەدات، ماوەی حەوت ساڵە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بە تێکۆشانیان بناغەی کۆمەڵگەیەکی وەهایان داناوە، کە ئەگەری تێکشکانی نییە. ژنانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە پشتگیریی خوشکانیان دەکەن لە عەفرین، چونکە پێیانوایە سەرکەوتنی عەفرین بە واتای ئازادیی خۆیان و ئازادی ژنان و ئازادیی نەتەوەییە.
لە بەردەومایدا کەنەکە ڕایگەیاندووە، تێکۆشانی ژنانی کورد، بیرکردنەوەی تێکۆشانی ژنان لە سەدەی ٢٠ دا لە بنەڕەتەوە گۆڕی، واتە ئەو بیرکردنەوەیە کە بۆ ئازادی پشتی بە تێکۆشان دەبەست، بزووتنەوەی ئازادیی ژنان کەموکوڕییەکانی تێکۆشانی ژنانی سەدەی ٢٠ی ڕاستکردەوە.
لەو راگەیەندراوەی کۆمیسیۆنی ژنانی کەنەکەدا ئەوەش هاتووە: ئازادیی ژنان لە نێوان ئازادی و دیموکراسی و یەکسانیدا زۆر گرنگە، ئەوەش سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و خۆی گەیاندووەتە شوێنگەلی دیکە و بۆ هەموو مرۆڤایەتی بووە بە هیوا، بۆیە پێمانوایە ٨ی مارسی ئەمساڵ دەستکەوتەکانی ژنانی کورد دەگۆڕێت بە دەستکەوتێکی جیهانی، لە بەردەم ئەو ڕاستییەدا بە ڕێزەوە سەر دادەنەوێنین کە بە تێکۆشانیان ئێمەیان گەیاندووەتە ئاستی ئەمڕۆ.
کەنەکە لە کۆتاییدا ڕاشیگەیاند، وەک ژنانی کورد سەربەرزین بەوەی کە تێکۆشانی کلارا زێتکین و هەموو ژنانی شۆڕشگێڕی دیکەی جیهان کەوتە سەر شانی ژنان کورد، ئەو ژنانەی کە چەندین هەزار ساڵ پێش ئێستا لە میزۆپۆتامیادا ژیانێکی ئازادیان لە سەر بنەمای فەلسەفەی دایکسالاری دامەزراندبوو.
ر.م