یەکێتیى ئەوروپا و ژاپۆن رێککەوتنى بازرگانیى ئازاد واژۆ دەکەن

یەکێتیى ئەوروپا و ژاپۆن رێککەوتننامەى بازرگانیى ئازاد واژۆدەکەن و پلانیان ئەوەیە رێژەى باج لەسەر کاڵاى یەکتر ٩٥% کەم بکەنەوە.

یەکێتیى ئەوروپا رێککەوتنى بازرگانیى ئازاد بۆ ئەوە لەگەڵ ژاپۆندا واژۆ دەکات کە ئاستى بازرگانیى نێوان یەکێتیەکە و ژاپۆن زیاتر بەرز بکەنەوە.

ئەو رێککەوتنە لەلایەن وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپاوە پەسەند کراوە و بڕیارە رۆژى چوارشەممەى داهاتووش لە نێوان یەکێتیى ئەوروپا و ژاپۆندا واژۆ بکرێت.

واژۆکردنى ئەو رێککەوتنە لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە دژی چین و یەکێتیى ئەوروپا و هاوبەشە گرنگەکانى شەڕێکى بازرگانیى دەستپێکردووە، ئەوەش گرنگیى ئەو رێککەوتنە زیاتر دەخاتەڕوو.

بەپێى ئامارە فەرمییەکانى یەکێتیى ئەوروپا، ئاستى بازرگانیى نێوان یەکێتیى ئەوروپا و ژاپۆن زیاتر لە ١٢٠ ملیار یورۆیە. لە ساڵی ٢٠١٧دا یەکێتیى ئەوروپا بە بەهای ٦٦ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵاى جۆراجۆرى لە ژاپۆنەوە هاوردە کردووە و لە بەرامبەردا بڕی ٥٨ ملیار و ١٠٠ ملیۆن یورۆ کاڵا  و بەرهەمی جۆراجۆرى هەناردەى ژاپۆن کردووە.  

ئاماژە بەوەشکراوە، بە گشتى رێژەى باج لەسەر کاڵاکانى یەکێتیى ئەوروپا و ژاپۆن لە ١٠٠% ەوە بۆ ٩٥% کەم دەکرێتەوە، بەڵام چەند کاڵایەکى تایبەتمەند رێژەى باجەکەیان تا رادەیەک بەرزترە و ئەو کاڵایانەش بریتین لە، یەکێتیى ئەوروپا رێژەى ١٠% باج دەخاتە سەر بەشی کاڵا و کەلوپەلی ئۆتۆماتیکى و ریژەى ١٤%ش باج دەخاتە سەر بەرهەمە ئیلکترۆنییەکانى ژاپۆن، لە بەرامبەریشدا ژاپۆن ٣٠% بۆ ٣٨.٥% باج دەخاتە سەر بەرهەمی شیرەمەنی و گۆشتى ئەوروپا.

ر.م