بانگەوازی کەمپین لە بەریتانیا: ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین

دامەزراوە کوردستانییەکان لەگەڵ دۆستانی گەلی کورد لە لەندەن کۆبوونەوە و رایانگەیاند: "بە هێزی ڕێکخستنی خۆمانەوە دیوارەکانی ئیمراڵی دەڕوخێنین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین."

دامەزراوە کوردستانییەکان و تەڤگەرە شۆڕشگێڕییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'دا لە لەندەن کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە.

ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا و بەشەکانی، کۆنگرەی نەتەوەی کورد (کەنەکە)، ئەنجومەنی دیموکراتیکی سوریا (مەسەدە) و نوێنەرانی چەندین پارت و دامەزراوەی دیکە بەشداری کۆنفراسە رۆژنامەوانییەکە بوون.

لە سەرەتادا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا تورکان بوداک قسەیکرد و دووپاتیکردەوە تا بە ئەنجام گەیشتنی کامپینەکە لە تێکۆشانیان بەردەوام دەبن و وتی: "فکرەکانی سەرۆک ئاپۆ دامەزرێنەر و پێکهێنەری ئازادی و دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن سەعید سورچ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا خوێندراویەوە و سڵاوی لە بەرخۆدانەکانی  ساڵی یەکەمی هەڵمەتەکە کرد.

'تێکۆشانی سەرۆک ئاپۆ، بناغەی ئازادی گەلانە'

لە دەستپێکی ڕاگەیاندراوەکەدا سورچ ئاماژە بە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالێ کرد، بەوەی بۆ تێکدانی هۆشمەندی کوردانی ئازاد پێکهێنراوە و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی جیهان پارادایمی ئاشتی و یەکسانی دامەزراند و لەم پێناوەشدا تێدەکۆشێت و بناغەی ئازادی گەلانە. بۆیە گەلی کورد و دۆستەکانی سورن لەسەر ئازادی ڕێبەر ئاپۆ."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا سورچ بانگەوازی بۆ بەشداربوونی بەهێز لە قۆناغی دووەمی کامپینی ئازادی کرد و وتی: "وەک ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا بانگەوازی لە گەل و دۆستانمان دەکەین، بەشێوەیەکی چالاک لە قۆناغی دووەمی کامپینەکە بەشدارببن. بە هێزی ڕێکخستنی خۆمانەوە دیوارەکانی ئیمراڵێ بڕوخێنین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکەین."

لە دوای قسەکان بە چەپڵەلێدان و درووشمەوە کۆتایی بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە هێنرا.