بەهۆی بومەلەرزەکەی چینەوە لانی کەم ٢١ کەس بریندار بوون

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٤ پلە ڕۆژهەڵاتی چینی هەژاند، زیاتر لە ١٥٠ خانوو و باڵەخانە ڕووخان و لانی کەم ٢١ کەس برینداربوون.

بەگوێرەی ئینستیوتی جیۆلۆجی ئەمریکی، ئەو بومەلەرزەیەی لە کاتژمێر ٢:٣٣ سەرلەبەیانی ڕوویدا، ناوەندەکەی ٢٦ کیلۆمەتر دوورە لە باشوری شاری دیژو لە هەرێمی شانتونگ بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز ئەم بومەلەرزەیە بەهێزترین بومەلەرزە بووە لە دە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی شانتونگ ڕوویدابێت، دانیشتووانی شارە دوورەکانی وەک پەکین و تیانجین و شەنگهای لە دووری ٨٠٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بومەلەرزەکەوە هەستیان پێکردووە.  

هەروەها کەناڵی فەرمی (سی. سی. تی. ڤی.) لە زاری دەسەڵاتدارانی شانتونگەوە ڕایگەیاند، لانی کەم ٢١ کەس بریندار بوون، ١٢٦ خانوو و باڵەخانە ڕووخاون. پاش بومەلەرزەی یەکەم، ٥٢ بومەلەرزەی بچوک پێکهاتوون.

بومەلەرزە لە چین بەربڵاوە، بەڵام ڕوودانی بومەلەرزە لە بەشی باشووری وڵاتەکە دەگمەنە، زۆربەی دانیشتووان و شارە گەورەکانی چین دەکەونە بەشی باشووری وڵاتەکەوە. نوسینگەی سیسمۆلۆژی شانتونگ ڕایگەیاند، ئەگەر ڕوودانی بومەلەرزەیەکی دژوار زۆر کەمە.