بەتۆمەتی سیخوڕی کردن، ڕوسیا مۆڵەتی شەش دیپلۆماتکاری بەریتانیا هەڵدەوەشێنێتەوە
ڕوسیا رایدەگەیێنێت، مۆڵەتی شەش دیپلۆماتکاری بەریتانییان هەڵوەشاندۆتەوە بەتۆمەتی سیخوڕی کردن و دروستکردنی مەترسیی ئەمنی بۆ سەر وڵاتەکەیان.
ڕوسیا رایدەگەیێنێت، مۆڵەتی شەش دیپلۆماتکاری بەریتانییان هەڵوەشاندۆتەوە بەتۆمەتی سیخوڕی کردن و دروستکردنی مەترسیی ئەمنی بۆ سەر وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ، ئاژانسی خزمەتگوزاریی ئەمنیی ڕوسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد "وەکو رێکارێکی دژی چەند کارێکی دووبارەی بەریتانیا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا مۆڵەتی شەش کارمەندی دبلۆماسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیای لە مۆسکۆ هەڵوەشاندەوە."
لەو راگەیێندراوەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانە "کاری هەواڵگرییان" لە ڕوسیا کردووە و بەڵگەی پێویستیشیان لەبەر دەستدایە کە بەریتانیا هەوڵی گوشار خستنەسەر بارودۆخی "سیاسی و ئەمنی نێودەوڵەتی" روسیا دەدات.
لەبارەی ئەو پرسە، ماریا زاخارۆڤا، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان تەواو لەگەڵ ئەو هەنگاوەی ئاژانسی خزمەتگوزاری ئەمنی دایە، ناوبراو ووتیشی، "باڵیۆزخانەی بەریتانیا ئەو سنورانەی بەزاندووە کە لە پەیماننامەی ڤییەنادا دانراون".
جێگای باسە، میدیای ڕوسیا وێنەی شەش دیپلۆماتکارەکەیان لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی رووسیا بڵاوکردۆتەوە کە سەرقاڵی جێهێشتنی ئەو وڵاتە بوون، بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەیان، لەلای خۆیەوە بەریتانیا تاوەکو ئێستا هیچی لەبارەی ئەو ڕووداوە ڕانەگەیاندووە.