چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترامپ ببرێتە بەردەم دادگا
ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکا سەرۆکێکی پێشووی ئەو ووڵاتە تۆمەتی تاوانکاری رووبەڕوو دەکرێتەوە و بە ٣٠ تۆمەت دەدرێتە دادگا.
ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکا سەرۆکێکی پێشووی ئەو ووڵاتە تۆمەتی تاوانکاری رووبەڕوو دەکرێتەوە و بە ٣٠ تۆمەت دەدرێتە دادگا.
چاوەڕێ دەکرێت دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەمڕۆ بە فەرمی ببرێتە بەردەم دادگا بۆ ڕووبەروبوونەوەی تۆمەت، ئەمەش یەکەمجارە سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە،
لە هەنگاوێکی بێ وێنەی مێژووی ئەمەریکادا، دەستەی باڵای سوێندخواردنی لە نیویۆرک ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەنگیدا بۆ تۆمەتبارکردنی ترامپ بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە پارەدان بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦.
ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە ترامپ لە هەوڵی گەڕانەوەدایە بۆ کۆشکی سپی دوای ئەوەی لە ساڵی٢٠٢٠دا نەیتوانی بۆ خوڵی دووهەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
تا ئێستا تۆمەتبارکردنەکە فەرمی نییە و ڕوونیش نییە ترامپ بە چ تاوانێک یان چەند تاوان تۆمەتبار کراوە، کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە زیاتر لە ٣٠ تۆمەت تۆمەتبار کراوە.
سوزان نێچێلێس، پارێزەری ترامپ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دان بە تاوانەکەدا نانێت.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی وتی " ناترسم لەوەی کە ڕوودەدات".
هەفتەی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا ترامپ هۆشداری دا لە "ئەگەری مردن و وێرانکاری" ئەگەر تۆمەتبار بکرێت، ئەمەش جۆرە ڕاگەیاندنە لەلایەن هەندێک لە رەخنەگرانەوە وەکو هاندانی توندوتیژی لێکدرایەوە.
ئەم تۆمەتبارکردنەی کە بەشێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوان کراو بوو، بەڵام لە واشنتن دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە.
کۆمارییەکان و بە هەمان شێوەی کەسە نزیکەکانی ترامپ لێپرسینەوەکان وەک پاڵنەرێکی سیاسی سەیر دەبینن، لە بەرامبەردا کاردانەوەی دیموکراتەکان بە شێوەیەکی پێشبینیکراو باش بوو لەسەر بڕیارەکە.
تۆمەتبارکردنەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵیەوە لەسەر پارەدان بۆ بێدەنگکردن گەشەی سەند کە مایکل کۆهین پارێزەری ئەوکاتەی ترامپ لە کۆتا ڕۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦دا دابووی بە ئەکتەری پۆرن ستۆرمی دانیێڵز.
ئەو پارە نهێنییە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا هاتە ئاراوە، کۆهین لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا بە قسەکردن لەسەر سەرۆکەکەی پێشووی گەواهی ئەوەی دا کە بە فەرمانی ترەمپ ١٣٠ هەزار دۆلاری بە دانیێڵز داوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت سەبارەت بە گوایە پەیوەندی لەگەڵ ترامپدا.
دواتر ڕێکخراوی ترامپ پارەکەی گەڕاندووەتەو بۆ کۆهن لە ژێر ناوی خزمەتگوزاری " یاسایی".
لە کاتێکدا کە پێدانی پارەی بە نهێنی نایاسایی نییە، بەڵام تۆمەتەکەی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەوەیە کە پێدانی ئەو پارەیە پێشێلکردنی یاساکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی فیدراڵییە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆهین دانی بە چەندین تۆمەتی تاوانکاری فیدراڵیدا ناوە، لەنێویاندا پێشێلکارییەکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، دواتر زیاتر لە ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
هـ . ب