کۆنگرەی کۆمەڵگا دێموکراتیکی کوردستان- ئەوروپا بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی کۆبانێ بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١٠ ساڵ پێش بە بەرخۆدانێکی داستانی ١٣٣ ڕۆژە، سوپای بکوژ و دڕندەی داعش لە کۆبانێ تێکشکێندرا و ڕایگەیاند: "نەک تەنها داعش، بەڵکوو دەوڵەتی تورکیش کە پشتیوانی بوو، تێکشکێندرا. چەتەکانی داعش کە زلهێزەکانی جیهان گەورەیان کرد و کردیان بە بەڵایەک بەسەر گەلانی جیهانەوە، لە بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ژنان بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ تێکشکان. هەروەها ئەوانەی هیواکانیان بەو چەتانە و بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەستبوو، نەگەیشتنە خواستەکانیان.
'گەلی کورد کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراست'
لە درێژەی بەیاننامەکەدا وەها باسکراوە: "ژن و گەنجانی کورد لە کۆبانێ بەرخۆدانێکی گەورەیان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تۆمار کرد. ئەم بەرخۆدانە، بەرخۆدانێک بوو لە پێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئازاد کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. بەرخۆدانی کۆبانێ بەرخۆدانێکە کە بە داستانی قارەمانەکان نووسراوە و ئازایەتی و بوێرییان لە بەرزترین ئاستدا پیشاندا. وەک کەجەدەکە- ئەوروپا بە ڕێز و حورمەتەوە هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان لە بەرخۆدانی ئازادی و یەکسانی کۆبانێدا کرد و بوونە هیوای مرۆڤایەتی بەبیر دێنینەوە و بەژنی خۆمان لە ئاستیاندا دادەنوێنین.
بەرخۆدانی کۆبانێ کە بە شاهیدی جیهانەوە ماوەی ١٣٣ ڕۆژ بەردەوام بوو، بە هەمووانی نیشاندا ئەو داعشەی کە دەگوترا نەدۆڕاوە چۆن لەسەر دەستی شەڕڤانانی ئازادی شکستی هێنا. ئەم بەرخۆدانە مەزنە سەرەتای شکستی هەمیشەیی داعش بوو و بەم سەرکەوتنە ڕەوتی مێژوو گۆڕا. بە بانگەوازی شۆڕشگێڕان، دیموکرات، ئیکۆلۆژیست، ژنان، بزووتنەوەکانی ئاشتی، ڕۆشنبیران، نووسەران، براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئاکادیمیستان و هەروەها ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان، ١ی تشرینی دووەم کرا بە ڕۆژی جیهانی پشتیوانی بۆ کۆبانێ، بەو بۆنەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی ئەو گەلانە دەکەین لە چوارلای جیهانەوە بە ڕۆحی ئینتەرناسیۆنالیستیەوە خاوەنداری بە هێزیان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد، هەروەها ١ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی پشتیوانی لە کۆبانێ لە هەمووان پیرۆز دەکەین.
دووربینیەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوت، خەونی دەوڵەتی تورک تێکچوو
دووربینیەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی فۆرموڵی چارەسەری لە بەرامبەر هەموو دوژمنایەتیی هێزە دەسەڵاتدارەکاندا بینی و بوو بە مۆڕاڵ و هیوایەکی گەورە بۆ هەموو گەلانی بندەست، لەبیرکراو، ژنان و گەلی تێکۆشەر. خەونەکانی هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بۆ دراوسێ بوون لەگەڵ داعش شکستی هێنا. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە کۆبانێ ئازاد کرا، دیکتاتۆر ئەردۆغان هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد، بەهاکانیان و گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، جینۆساید و داگیرکاری لە کوردستاندا بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی داعش قووڵتر کردەوە."
ئەو بەرخۆدانە مەزنەی کە گەلی کورد و دۆستان بەڕێوەیان برد، هەم سیاسەتە گڵاوەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەی پووچەڵ کردەوە و هەم قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی قووڵتر کردەوە. بۆیە لە ١٠ هەمین ساڵیادی ڕزگاری کوردستان، ڕۆژئاوا و کۆبانیدا دەتوانین بە بەشدارییەکی زیاتر پێش بە سیاسەتی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی تورکیا بگرین و ژیانێکی ئازاد و یەکسان و هاوبەش بنیات بنێن.
خاوەنداری لە بەرخۆدانی کۆبانێ و پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، پاراستنی کوردستانە. بەم تێگەیشتنەوە داوا لە هەموو گەلەکەمان و مرۆڤایەتی دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە هێز لە ١ی تشرینی دووەمدا ڕۆژی جیهانی کۆبانی بەرز ڕابگرن.
ئێمە وەک کەجەدەکە-ئەوروپا، بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، جارێکی دیکە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ لە ١ی تشرینی دووەمدا لە هەموو گەلەکەمان و دۆستانمان پیرۆز دەکەین و داوا لە هەموو لایەک بەتایبەت ئەوانەی پشتیوانی دیموکراسی و دادپەروەرین، بە ڕۆحێکی نێونەتەوەییەوە بەرخۆدان مەزنتر بکەن، لە دەوری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ گەشە بە تێکۆشان بدەن و خاوەنداری لە کوردستان، ڕۆژئاوا و کۆبانێ بکەن."