کرێسپۆ: ئێمە سوورین لەسەر ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان

ماتیۆس کرێسپۆ، رێکخەری سکرتاریەتی نەتەوەیی سێنتراڵ سندیکاڵ ئی پۆپۆلار کۆنلۆتاسی بەڕازیل، ڕایگەیاند کە ئەوان پێداگرن لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان.

ماتیۆس کرێسپۆ، رێکخەری سکرتاریەتی نەتەوەیی سێنتراڵ سندیکاڵ ئی پۆپۆلار کۆنلۆتاسی بەڕازیل، کە هاوکات ئەندامی بزوتنەوەی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی بەڕازیل، کۆمیتەی سەرلەنوێ گردبوونەوەی شۆڕشگێڕی کە لە ئەرژەنتین، مەکسیک و ئەمریکا کاردەکات، لە پێناو ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان داوای تێکۆشانی لە کرێکاران و رەنجدەرانی جیهان کرد. ماتیۆس کرێسپۆ سەبارەت بەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەوآڵی فورات (ANF) کرد.

کرێسپۆ ئاماژەی بە کۆبوونەوەی تۆڕی تێکۆشان و پشتیوانی سەندیکا نێونەتەوەییەکان کرد کە مانگی ئەیلول لە بەڕازیل بەڕێوەچوو و وتی، "وێڕای بەشداربوون لەو کۆبوونەوەیە، بۆ ئازادکردنی رێبەری سەرەکی تێکۆشانی کوردان عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیارە بڕیارێکمان پێشکەش کرد، کە تیایدا سەرنجمان راکێشابوو بۆ سەر ئەو راستیەی کە دەوڵەتی تورک تایبەتمەندی دیکتاتۆریەتی هەیە، بە شێوەی سیستماتیک ستەم لە خەڵکەکەی دەکات، هێرش دەکاتە سەر ئازادی کاری رێکخراوەیی؛ گەلی کورد و تورک لە ژێر توندوتیژی و دیکتاتۆریەتدان. لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی تورکیا تێکۆشان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و داکۆکیکردن لەو، بۆ ئێمە پێویستییەکە. لەو کۆبوونەوە نێونەتەوەییەدا کە چالاکوانان و نوێنەرانی سەندیکانانی زیاتر لە ٢٠ وڵات کۆببوونەوە، ئەو پێشنیارەمان لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و تێکۆشان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کرد و کۆی دەنگ پەسەند کرا.

کرێسپۆ رایگەیاند، کە ئەو بەدیلگرتنەی عەبدوڵا ئۆجالان و هەلومەرجی گۆشەگیری کە بەسەریدا دەسەپێندرێت وەک پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و تاوانە لە دژی گەلی کورد و وتی: "لە رووی یاسایی، مرۆیی و سیاسیەوە راگرتنی ئەو نایاساییە و مایەی قەبوڵکردن نییە. هەلومەرجێک کە ئەو تیایدا، پێشێلکردنی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە، پێشێلکردنی دەستوری کۆماری تورکیاشە.

گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، هەوڵەکان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانانی دیکە، هەوڵدانێکی بێ ئەنجامە کە دەیەوێت کاریگەری عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر کورد و تورکەکان ئاستەنگ بکات. ئەو گۆشەگیرییە بە پێچەوانەی ئامانجەکانی ئەردۆغان کاریگەری داناوە. گۆشەگیرکردنی ئۆجالان دەبێتە مایەی ئەوەی لە دژی رژێمی دیکتاتۆری ئەردۆغان توڕەیەکی مافدار و رەوای گەل ساز بکرێت، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ گوڕدان بە  تێکۆشان لە پێناو ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد".

کرێسپۆ دەستنیشانی کرد کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوان بنەمایەکە و روونی کردەوە، "ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئێمە قەبوڵی ناکەین کە ئەو مرۆڤانەی لە دژی کۆلۆنیالیزم و دیکتاتۆری لەپێناو گەلەکەیان دەجەنگن، بە هۆکاری سیاسی زیندانی بکرێن.لە هیچ شوێنێک ئەو کەسانەی لە پێناو هەموواندا تێدەکۆشن، نابێت زیندانی بکرێن. تا ئۆجالان لە زینداندا بێت، تورکیا دیموکراسی بە خۆیەوە نابینێت. ئێمە هەموومان عەبدوڵا ئۆجالانین.

وێڕای عەبدوڵا ئۆجالان لە هەمان کاتدا رێزێکی زۆر لە تێکۆشانی مێژوویی پەکەکە و رێکخراوەکانی دیکەی کورد دەگرین کە لە سوریا، عێراق و ئێران، تورکیا و تاراوگە خەبات دەکەن ".

سەبارەت بە کەمپینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کریسپۆ وتی، "ئەو کەمپینە زۆر واتادار و بەنرخ دەبینین. هەنگاوی سەرەتایی لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێونەتەوەییە، کە بناغەکەی ئینترناسیۆناڵیزمی کرێکارانە.

تورکیا تەنیا عەبدوڵا ئۆجالانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکوو لە کەسایەتی ئەودا هەموو ئێمەی کردووەتە ئامانج. چالاکوانان لە جیهان لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی کورد و تورک کە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆرەوە کراونەتە ئامانج، دەبێت تێبکۆشن".

لە کۆتایی قسەکانیدا کرێسپۆ وتی، "سەرکەوتنی کوردەکان سەرکەوتنی هەموو گەلانی بندەستە".