بۆ پشتگیرکردنی چالاکییەکانی ناڕەزایەتی لە دوای زیندانی کردنی سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ و سەپاندنی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی جەهەپە لە شارەکانی تورکیا دەستی پێکرد، لە شاری بێرنی سویسرا چالاکی ئەنجام درا. دامەزراوە و پێکهاتە شۆڕشگێڕییەکانی کوردستان و تورکیا لەسەر بانگەوازی یەکێتی هێزی دیموکراتیکی ئەوروپا لە باهنهۆفپلاتز کۆبوونەوە.
بە ناوی ئەدەگەبە (ADGB) تونجای یڵماز قسەی کرد و سڵاوی لە ڕاپەڕینی گەل لە دژی سیاسەتەکانی فشاری ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە شارەکانی تورکیا کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، کرد.
دوای قسەکان راگەیاندراوی ئەدەگەبە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەرفەتێکی گرنگی پێشکەشی هەموو گەلانی هەرێمەکە کرد و دووپاتی کردەوە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە سیاسەتەکانی فاشیزم، شەر و دژایەتی پێداگری دەکەن.
ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرە بەردەوامبوو: "دەبێت دەنگی سەدان هەزار پارێزەری ئاشتی، دیموکراسی، یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری لە دژی حکومەتی دژە دیموکراتیک، داگیرکەر، شەڕخواز و قڕکەر لە شەقامەکان بدەینە بیستن."
پاشان سیاسەتمەدار نەجدەت ئاتاڵای قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد بە ساڵان ڕووبەرووی سیاسەتی فاشیزمە و گوتی: "ئیرادەی گەلی کورد لە لایەن قەیومەوە دەستی بەسەرداگیرا، سیاسەتمەدارانیان زیندانی کرا و سەرنوقمکران. هەربۆیە دەڵێین گەر فاشیزم لە کوردستان دەرنەکەین ئەوا سەرانسەری وڵات گەمارۆ دەدات. گەلی کورد سەری نەوی نەکردوە، چارەسەری لەسەر فاشیزم سەپاندوە، ئێستا دەرفەتی هێڵی بەرخۆدان دەرکەوتووە. لەگەڵ ژن، خوێندکار و شۆڕشگێڕان بەرخۆدان دەکەین. تاوەکو لە ناوچوونی فاشیزم بەرخۆدانمان بەردەوامە."