بە دیمەن

لە پێشوازیی پەڕلەماندا داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کرا

گاری سمیس سەرۆکی گشتی گەمەبە (GMB) کە ٥٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لە پێشوازییەکانی نەورۆزیی پەڕلەمانی ئینگلتەرادا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا درێژە پشتگیرییەکانیان بە هەڵمەتی جیهانی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' دەدەن.

پشتگیری لە هەڵمەتی ئازادی

لە باڵەخانەیی پەڕلەمانی ئینگلتەرا بۆنەی پێشوازی نەورۆز ئەنجام درا، کە وتەبێژی پەڕلەمان بەڕێز لیندسای دۆیلی مالوڤانی پێشوازییەکەی بەڕێوەدەبرد. پێشوازییەکە لە لایەن کوردیش پرۆگریسەوە ڕێکخرا کە ناوەندەکەی لە شاری لەندەنە.

لە پێشوازییەکەدا کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی گەلی کورد، نوێنەرانی ئینگلتەرایی مەسەدە، زیاتر لە ٨٠ پەڕلەمانتاری پارتی کرێکاران، نوێنەرانی کۆمەڵگە، چالاکوان و ئەکادیمیستییەکان بەشداربوون.

سەندیکانی گەمەبە پشتگیری خۆیان بۆ گەلی کورد دەربڕی

گاری سمیس سەرۆکی گشتی گەمەبە (GMB) لە پێشوازییەکەدا قسەیکرد، سمیس ڕایگەیاند چەندین ساڵە سەندیکاکەیان لەگەڵ گەلی کورددا لە نێو پشتیوانیدایە و گوتی: "سەربەرزین بەشداری ئاهەنگی گەلی کوردمان کردووە. وەک سەندیکای GMB خاوەنی ٥٠٠ هەزار ئەندامین، درێژە بە پشتگیریدانمان دەدەین بە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان". هەموو کاتێک لەگەڵ تێکۆشانین لە دژی ستەم و ئیمپرالیزم. بەڵێنی پشتگیریدانمان دووبارە دەکەینەوە."

'دەمانەوێت گەلی کورد بە دەستی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات'

میک ولیان سەرۆکی گشتی سەندیکای ئاسلیف (ASLEF)، کە یەکێکە لەو سەندیکایانەی ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەبووە لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' ئاماژەی بەوەدا پەیوەندی نێوان تەڤگەری کورد و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان لە ساڵی ١٩٩٩دا لە کۆنفرانسێکی ئاسلیفەوە دەستیپێکرد. ویلیان گوتی: "لەو کۆنفرانسەدا بە زانابوونەوە جەختمان لەوە کردەوە گەلی کورد مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و لەو سەردەمەوە درێژە بە پشتیوانییەکانمان دەدەین."

هەر لە پێشوازییەکەدا نوێنەری هەرچوار پارچەی کوردستان قسەی کرد. هەروەها سیاسەتمەدارانی ئینگلتەراش گرنگییەکی زۆیان نیشانی پێشوازییەکە دا. سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردی پەڕلەمان  (APPG on Kurds) و پەڕلەمانتاری ئێکستێر، ستیڤ ڕاسی ئێم پی ڕایگەیاند ئەوان بۆ پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا پشتگیری لە رۆڵی پێشەنگایەتی کوردان دەکەن و دەستنیشانی کرد لە نزیکەوە بە دواداچوونی پێشهاتەکان دەکەن.

هەر لە پێشوازییەکەدا یەکەم ژنە پەڕلەمانتاری کوردی-عەلەوی ئینگلتەرا و هاوکات وەزیری تەکنەلۆجیا فریال کلاریش سڵاوی لە بەشداربووانی پێشوازییەکە کرد و پەیامی پشتیوانی راگەیاند.

نوێنەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)یش سەرنجی خستەسەر پێشهاتەکانی سەرانسەری ڕۆژئاوا و سوریا و بانگەوازی کرد ئەم بابەتە لە گۆرەپانی سیاسی و پەڕلەماندا ببێتە ڕۆژەڤ.

هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد فشار لە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێستایی سوریا بکرێت تا ئەوەی ڕێچکەی کارکردنی خۆی بگۆڕێت.

پێشوازی نەورۆز بە پەیامی پشتگیریدان بۆ تێکۆشانی گەلی کورد و پشتیوانی نێونەتەوەیی