دوو ژنە چالاکوانی کورد ئازاد کران
بەهۆی بەشداریکردن لە چالاکی ٨ی ئادار ٢ ژنە چالاکوانی کورد باران ساعیدی و لەیلا پاشایی زیندانی کران و ئەمەش ناڕەزایەتی جەماوەری لێکەوتەوە، دواتر بەهۆی فشارەکانەوە ئازاد کران بەڵام دۆسیەی یاساییان هێشتا کراوەیە.
بەهۆی بەشداریکردن لە چالاکی ٨ی ئادار ٢ ژنە چالاکوانی کورد باران ساعیدی و لەیلا پاشایی زیندانی کران و ئەمەش ناڕەزایەتی جەماوەری لێکەوتەوە، دواتر بەهۆی فشارەکانەوە ئازاد کران بەڵام دۆسیەی یاساییان هێشتا کراوەیە.
ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ئازادکردنی دوو ژنە چالاکوانی کورد لە زیندانی سنە بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "دوو ژنە چالاکوانی کورد بە ناوەکانی لەیلا پاشایی و باران سەعیدی لە زیندانی سنە بە بارمتەی ٥٩٩ میلیۆن تمەن و لە ژێر فشاردا بەشێوەی کاتی ئازاد کران."
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو ژنە چالاکوانە بە تۆمەتی "پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دۆسییەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
لە بەردەوامی راگەیاندراوەکەدا گوترا: "ئەو دوو ژنە چالاکوانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە خرانە ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە ڕێکخستنی مەراسیمەکانی ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە ڕۆژی ٩ـی مانگی ئاداری ئەمساڵدا باران ساعیدی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سنە و لە هەمان مانگدا لە ڕۆژی ١٠ـی ئادار لەیلا پاشایی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە هۆی بەشداریکردنیان لە مەراسیمی ٨ـی ئادار بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکراون و بۆ زیندانی سنە گوازرانەوە و بە تۆمەتی "کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی" تاوانبار کراون.