تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و خیانەتی ٣١ـی ئاب شەرمەزار کرا
بە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە شاری مەنچستری وڵاتی بەریتانیا، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی داکۆک و بە بەشداریی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی کورد، بە دانانی چەپکە گوڵ لەسەر وێنەی هەردوو ڕۆژنامەنووسی شەهید ( گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) یادیان کرایەوە و لە هەمان کاتدا خیانەتی ٣١ی ئاب شەرمەزار کرا.
قادر بڵباس، ئەندامی ڕێکخراوی داکۆک و یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە ڕایانگەیاند: "پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بە بەردەوامی لە مێژوودا خیانەتیان بە گەلی خۆیان کردووە و بە هێنانی سوپای ڕژێمی بەعس بۆ ناو شاری هەولێر، شەرمەزارییەکی مێژوییان بۆ خۆی تۆمار کرد، ئەو کردەوەیە هەموو ساڵێک لەلایەن گەلەوە شەرمەزار دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بە درێژایی حوکمڕانیان خیانەت و تاوان دژی گەلەکەیان ئەنجام دەدەن کە دوایینیان سیخوڕیکردن وهاوکاریی کردنی سوپای داگیرکەری تورکە کە لەم ڕۆژانەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژنامەنووسی ئازا و بوێریان لە سنووری سلێمانی تیرۆر کرد، بەڵام بەڵێن دەدەین ڕێگەی گوڵستان و هێرۆ بەرنادەین و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین.
لە مەڕاسیمەکەدا لەلایەن ڕێکخەران و ئامادەبووانی چالاکییەکەوە وتار و لێدوان پێشکەش کرا و ڕاگەیەندرا، خیانەتی مێژویی ٣١ی ئاب و تیرۆری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان بەتایبەت گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین وەک یاداشتێک دەدەنە نوێنەرایەتیی و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.