دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٤ سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراو بەسەر رێبەر ئاپۆ و بە بێ ئەوەی رێگەی ئازادبوونی مەرجداری پێبدرێت، وەک پێشێلکردنی خاڵی سێهەمی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ناوبردبوو، کە پەیوەستە بە قەدەغەی ئەشکەنجە و لەو رووەوە رایگەیاند، کە پێشێلکاری کردووە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بریاریدا کە "مافی هیوا"ی رێبەر ئاپۆ پێشێلکراوە و داوای لە تورکیا کرد کە ئەو دۆخە رێگە لەبەردەم پێشێلکاری ئاشکرا دەکاتەوە. ١٠ ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕبوو، بەڵام تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەنا. بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیارەکە ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی بواری یاسا و بەتایبەتی پاڕێزەرانی رێبەر ئاپۆ سەردانی ئەنجومەنی ئەوروپایان کرد و داواکرا گوشارەکانیان بۆ سەر تورکیا بە مەبەستی رەچاوکردنی مافی هیوا هەنگاوی بەرچاو بنێت.
لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورددا مشتومری نوێ لەئارادان، بەڵام سەرباری ئەوەش رێگە نادرێت رێبەر ئاپۆ بنەماڵە و پارێزەرانی خۆی ببینێت. لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا برازای رێبەر ئاپۆ و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رحا عومەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی دیداری ئەنجامدا. رێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا وتی، گۆشەگیری بەردەوامە.
١٥٠٠ پارێزەر لە زیاتر لە ٣٠ وڵاتەوە لەپێناو دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی دادی دەوڵەتی تورک کردبوو. یەک لەوانە پارێزەری ئەڵمانی هایک گەیسوید سەبارەت بە گۆشەگیری رەها لەسەر ربەر ئاپۆ و "مافی هیوا" قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'ئۆجالان رۆژانە ٢٣ کاتژمێر لە ژێر چاودێریدایە'
مافناسی ئەڵمانی هایک گەیسوید ئەوەی خستەڕوو، کە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئۆجالان جێبەجێ ناکرێت و وتی، "عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و زۆرینەی ئەو ماوەیە لە دورگەی ئیمراڵی لە ژووری تاکەکەسیدا بووە. پەیوەندی ئۆجالان لەگەڵ زیندانیانی دیکە کەمە و لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ناتوانێت پاڕێزەرانی ببینێت. ئۆجالانە رۆژانە ٢٣ کاتژمێر لە ژێر چاودێری چڕدا رادەگیرێت. دۆخی هەنووکەیی لە دژی یاسای نێونەتەوەییە و بە هیچ جۆرێک مایەی قەبوڵکردن نییە. دەبێت هەلومەرجی زیندان تێکبشکێندرێت".
پەسەندکردنی ئەو دۆخە مایەی شەرمەزارییە بۆ جیهان
هایک گەیسوید ئاماژەی بە بڕیاری "مافی هیوا"کرد کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە دەرچووبوو و بەم جۆرە دوا: "ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەو کەسەی سزای هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، ئەگەر ئازاد نەکرێت. بەوەش خاڵی سێهەمی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکرێت. ئەو خاڵە تایبەتە بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی بێرێزیکارانە. تورکیا ئەو خاڵەی لە سیستمی یاسایی خۆیدا نەگونجاندووە. ئەنجومەنی ئەوروپا و کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) بە پێی پێویست گوشاریان نەکردەسەری. یەکێتی ئەوروپاش لەبەر پەیوەندی سیاسی و ئابوری خۆیان گوشارەکانیان لەسەر تورکیا دوورخستەوە و دەوڵەتانی رۆژئاواییش بێدەنگیان هەڵبژارد. شەرمەزارییە کە رای گشتیی جیهان ئەو دۆخە قەبوڵ بکات و پشتگوێی بخات".
'ئۆجالان لە چارەسەریدا رۆڵی سەرەکی دەگێرێت'
مافناسی ئەڵمانی هایک گەیسوید لەسەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەریدا، بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی کرد، "گۆشەگیری تەنیا لە سەر ئۆجالان نییە، بەڵکوو لە سەر زیندانیانی سیاسی دیکەش هەیە. عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا زیندانییەک نییە، لە چارەسەری پرسی کورددا لە تورکیاش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەگەر لە تورکیا چارەسەری پرسی کورد بدۆزرێتەوە، ئەوە تەنیا بە دانوستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەر دەبێت. بۆ ئەوەش ئازادی ئۆجالان زۆر گرنگە و فاکتەری سەرەکییە".
بانگەوازی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد
هایک گەیسوید باسی لەوەکرد کە ئەوان بە هەڵمەتی واژۆی ١٥٠٠ پارێزەر لە ٣٠ وڵاتەوە نامەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردبوو و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و یەک لەو زیندانیانەیە کە زۆرترین ماوە لە زینداندا ماوەتەوە. دەبێت هەموو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ لە دژی تورکیا بکەونەخۆ و گوشاری سیاسی بخەنە سەر تورکیا. عەبدوڵا ئۆجالان لەناو ئەو کەسانەدایە دەبێت سەرەتا و لەپێش هەمووانە ئازاد بکرێن. ئازادی ئۆجالان تەنیا بابەتێکی مرۆیی نییە، بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ناوچەکە هەنگاوێکی پێویست و ژیانییە".