لە مانگی ئەیلولی داھاتوو تانکی (ئەبرامز)ی ئەمریکی رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت

ئەمریکا، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا تانکی ئەبرامزی ئەمریکی دەگاتە مەیدانی جەنگ لە ئۆکرانیا.

پێگەی پۆلیتکۆی ئەمریکی ڕایدەگەینێت، ئەمریکا مانگی ئەیلولی داھاتوو تانکی ئەبرامز رەوانەی ئۆکرانیا دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی زیادبوونی فشارەکانی ئۆکرانیا-یە بۆ ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی زیاتر بۆ رزگارکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە روسیا لەو ووڵاتە داگیری کردووە.

جێگای باسە پێگەی پۆلیتکۆی ئەمریکی ئەو زانیاریانەی لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکردۆتەوە، کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تانکی ئەبرامز دەگاتە مەیدانی جەنگ  لە ئۆکرانیا.

ئەو پێگە ئەمریکییە ئاشکراشی کردووە، ئەو تانکانە لە مانگی ئابی ئەمساڵ ٢٠٢٣دا رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن و کۆتا چاکسازییان تێدا دەکرێت، کاتێکیش کە ئەو پڕۆسەیەش تەواو بوو، کاروانی یەکەم رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت، کە ژمارەیان ٦ بۆ ٨ تانکی ئەبرامز دەبێت، بە گشتیش ٣١ تانکی ئەبرامز رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت.

هەروەها سەرچاوە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە، بەر لە گەیشتن و بەکارهێنانی تانکەکان بە ١٠ هەفتە پێویستە ھێزەکانی ئۆکرانیا دەستبکەن بە مەشق و راھێنانی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو تانکەکان.