لە شتوتگارت قەدەغەی سەر پەکەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا

لە ٣١ەمین ساڵەی سەپاندنی قەدەغە بە سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا پانێلێک سازکرا و تیایدا بابەتەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ لە ئەڵمانیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قەدەغەکرا. بەهۆی ئەو بڕیارەوە کوردان لە ئەڵمانیا لە زۆر مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بێ بەش کراون. لەسەروبەندی ٣١ەمین ساڵی دەرکردنی ئەو بڕیارە لە شتوتگارت پانێلێک سازکرا و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرسە کرا.

قسەکەرانی پانێلەکە لە پاڕێزەرانی دۆسیەکانی پەکەکە پاڕێزەر هەیکێ گەیسوەید، ئاخێل ئۆسواڵد و ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لە پارتی دیەلینک گۆکای ئاکبولوت پێکهاتبوو.

ئەندامی ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کوردی هەیلبۆرن گوڵستان ئاتەش لە سەرەتای پانێلەکەدا بە بیری هێنایەوە کە مەزڵوم دورا کە بەر لە مانگێک لە زیندانی ستامهەیم لە دژی مامەڵەی خراپ و هەڕەمەکی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبوو، بەردەوامە لە مانگرتن. راگەیەندرا کە دۆخی تەندروستی دۆرا تێکچووە و گوڵستان ئاتەش لەو بارەوە داوای هەستیاری و پەرۆشی لە هەموو لایەک کرد.

لە پانێلەکەدا قوربانیانی قەدەغەکردنی پەکەکە ئۆرهان تائەش، گوڵستان ئۆزدەمیر و حسێن کەلەچیەر باسیان لەو رووداوانەکرد کە بەسەریاندا هاتووە.