لە سوید ژنێک کە ژن و منداڵی ئێزیدی بە کۆیلەتی وەرگرتووە بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کرا

دادگایەکی سوید ژنێکی تەمەن ٥٢ساڵانی بەهۆی بە کۆیلە وەرگرتنی ژن و منداڵانی ئێزدی لە ماڵەکەی لە ڕەقە لە ساڵانی ٢٠١٤و ٢٠١٦ بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کرد.

لێکۆڵینەوەیەک لە تاوانەکانی چەتەکانی داعش لە دژی ئێزیدییەکان دەستیپێکردووە. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، ژنێک بە "تاوانی کۆمەڵکوژیی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕی قورس" تۆمەتبار کرا.

لە ساڵی ٢٠٢٢دادگایەکی سوید ژنێکی سویدی بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا بەهۆی ئەوەی ڕێگەی داوە کوڕە ١٢ساڵانەکەی وەک منداڵی سەربازی لەلایەن داعشەوە بەکار بهێنرێت. ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتد پرێس و ڕۆیتەرز بڵاویانکردەوە کە ژنە تۆمەتبارەکە ناوی لینا لاینا ئیسحاقە.

داواکاری گشتی ڕایگەیاندووە؛ "تۆمەتبارەکە نۆ کەسی لە ماڵەکەی خۆی لە ڕەقە وەک کۆیلە راگرتووە کە سیانیان ژن و شەش کەسیان منداڵ بوون."

ئەو ژنە دیلەکانی لە٢٠ ڕۆژ بۆ ٧ مانگ لە ماڵەکەی ڕاگرتووە و ناچاریانی کردووە کاری ماڵەوە بکەن.

دۆگۆن وتی، وێنەکانی ئەو ژن و منداڵانە بۆ فرۆشتن بڵاو کرابوونەوە. ئەم بەڵگانە وتەی ئەو کەسانە پشتڕاست دەکاتەوە کە چاویان بە قوربانییەکان و ژنە تاوانبارەکە کەوتووە.

سزای ئەم تاوانە لە سوید زیندانی هەتاهەتایە. دانیشتنەکە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات و لانی کەم دوو مانگ دەخایەنێت.

داواکاری گشتی ڕینا دوگۆن لە ڕاگەیاندراوێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا وتەی شایەتحاڵەکان پێگەیشتووە کە دەڵێن "ئەو خەڵکی لە ڕەقە کۆیلە کردووە" ئەمەش هۆکاری فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکەیە.

بە وتەی دۆگون، ئەو ژنە لە ڕێگەی چالاکیەکانیەوە دەستی هەبووە لە تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان.

بەگوێرەی دەزگا هەواڵگرییەکان، نزیکەی٣٠٠ سویدی کە لە هەر چواریان یەکێکیان ژنن، بەتایبەتی لە نێوان ساڵانی٢٠١٣و ٢٠١٤ لە سوریا و عێراق پەیوەندیان بە ڕیزەکانی داعشەوە کردووە.