لە زانکۆی ژنێڤ پانێلی عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت

لە زانکۆی ژنێڤ پانێلێک سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت.

گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێ نایە چوارەمین ساڵەوە. هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە لایەن دۆستانی گەلی کوردەوە لە سەرتاسەری جیهان دەستیپێکرد، بە چالاکی جیاواز درێژەی هەیە. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١٩:٠٠ لە شانۆی ئانفتی لە زانکۆی ژنێڤ، پانێلێک لە ژێر ناوی "چی بۆ ئازادی گەلی کورد بکرێت" بەڕێوە دەچێت. لە پانێلەکەدا عایشە ئاجار باشاران، نوێنەری PCR و چالاکوان نادینا کە لە ڕۆژئاوایە وەک وتاردەر بەشداری دەکەن.

پانێلەکە لە لایەن ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کوردی ژنێڤ (NCDK-C) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (YJK-S) ئامادەکاری بۆ دەکرێت. هەروەها پارتی شۆڕشگێڕی کومۆنیست و گرووپی سەرهەڵدان پشتیوانی پانێلەکە دەکەن.

ئەو پۆستەرانەی بۆ پانێلەکە ئامادەکرابوون، لە زۆربەی شوێنەکان هەڵواسرابوون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەناوی لیژنەی ئامادەکارەوە وەها وترا:

"پێویستە دەستکەوتەکانی شۆڕشی کوردستان بپارێزین و کۆتایی بەو فشارانەی ئێستا بهێندرێت. لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆمەڵکوژییەکانی و ئەردۆغان زیاتر و زیاتر گوندە کوردنشینەکان بۆردومان دەکات، دارستانەکان دەسوتێنێت و تا دێت کوردستان داگیر دەکات. عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری تەڤگەری ئازادی کورد، زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە دوورگەی ئیمرالی تورکیا لە ژێر گۆشەگیری ڕەهادا ڕاگیراوە.

دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری بە تایبەت ناتۆ کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، بە شێوەیەکی بێ ئەخلاقانە گەلان لە پێناو بەرژوەندی خۆیان دژی یەکتر بەکار دەهێنن و کاریگەری خۆیان فراوانتر دەکەن و درێژە بە کۆمەڵکوژی دەدەن. لە بەرامبەر ئەمەدا تێکۆشان بۆ ئازادیی کورد و شۆڕشی ڕۆژئاوا، تێکۆشانی فەلەستین و بەهاری عەرەبی، ڕۆح و ئیرادەی بەرخۆدان نیشان دەدات. هەروەها ئەم تێکۆشانە زەمینە بۆ کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمایەکی نوێ کە دان بە ماف و چارەنووسی گەلاندا دەنێت خۆش دەکات و زەمینە بۆ ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بەرهەم دەهێنێت.