فیدراسیۆنی نیشتمانیی جوتیاران و جوتیارانی گەنجی فەرەنسا داوایان کرد، ئەمرۆ کاتژمێر ١٤:٠٠ لە دەوروبەری پاریس لە رێگەی دانانی هەشت خاڵی کۆنتڕۆڵ و بەربەستەوە، گەمارۆی پایتەخت بدرێت. ئەمەش وەک ناڕەزایەتیەک دژی خراپی دۆخی بژێوییان و سیاسەتەکانی حکومەت بەرامبەر بە کەرتی کشتوکاڵ.
١٥ هەزار پۆلیس خرانە ئامادەباشیەوە
جراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، کە بۆ رێگری لە چوونە ناوەوەی تەراکتۆری جوتیاران بۆ ناو پاریس و شارەگەورەکان و هەروەها بۆ رێگری لە گەمارۆدانی بازاڕی رونگیس لە ناوچەی پاریس و فرۆکەخانەکان، رۆژی دووشەممە ١٥ هەزار پۆلیس خراونەتە ئامادەباشییەوە.
باسی لەوەشکرد، کە نابێت پۆلیس دەستوەردان بەرامبەر بە خاڵەکانی گەمارۆدان ئەنجام بدەن، تەنیا ئەرکیان ئەوەیە کە ئاسایش دابین بکەن و لە چوارچێوەی بنەماکاندا بجوڵێنەوە.
حکومەت پێشنیازی نوێ پێشکەش دەکات
سەرۆکوەزیران گابریەل ئاتال رۆژی یەکشەممە هەوڵی دا لە رێگەی چەند بەڵێنێکەوە جوتیاران قایل بکات و دانی بەوەدا نا ئەو رێکارانەی رۆژی هەینی بۆ رازیکردنی جوتیاران راگەیەندرابوون، نەیانتوانیووە کۆتایی بە نیگەرانی جوتیاران بهێنن و جەختی کردەوە کە رێکار و بڕیاری خێرا دەردەکەن.
وەزیری کشتوکاڵی فەرەنسا مارک فینو رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەو رێکارە نوێیانەی حکومەت لە بارەی کشتوکاڵەوە و بۆ بەدەمەچوونی داواکاری جوتیاران ئامادەی کردوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا رادەگەیەندرێن.
لە چەندین ناوچەی فەرەنسا جوتیاران باس لەوە دەکەن کە بە هۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە چیتر توانای دابینکردنی بژێوییان نەماوە و بەو هۆیەوە دەستیان بە سەرهەڵدان کردووە.
حکومەت بە بەشێک لە داواکارییەکانی جوتیاران قایل بووە، لەوانە دەستبەرداربوون لە زیادکردنی باجی سەر گازوائیل و قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی بەهۆی پەتای ئاژەڵییە زیان بەر ئاژەڵەکانیان کەوتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش توڕەیی جوتیاران دانەمرکاوەتەوە.
لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە جوتیاران بە تەراکتۆرەکانیان رێگە سەرەکیەکانی هاتووچۆیان داخستووە و بە نیازن بەهەمان شێوە لەپاریسیش هاتووچۆ لە دەروازەکانی شارەکە پەکبخەن.
هـ . ب