سیناتۆر پاسکاڵ، داوای دیداری لە گەڵ ڕێبەر ئۆجالان کردووە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیریدا ڕاگیراوە و ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێزی نەدراوە. بەهۆی ئەو دۆخە ڕەهایە، رێگەنادرێت هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورددا بکرێت، مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی ڕاگیراوە. دەوڵەتی تورک هەم یاسای ناوخۆیی خۆی و هەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو پەیماننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان سی پی تی کە واژۆی کردووە، پێشێل دەکات. دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەی کردەوە نایاسایییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشت بە سزای دیسپلین و قەدەغەکردنی پارێزەران دەبەستێت.
لە لایەکی دیکەوە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەم نادادپەروەرییە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کە لە١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەرانسەری جیهاندا دەستیپێکرد، تادێت زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت. گەلانی پێکهاتە جیاجیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو نادادپەروەرییەی لە ئیمرالی دەکرێت هیچ هاوشێوەیەکی لە جیهاندا نەبووە، هەروەها داوا دەکەن کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنن و داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن. یەکێک لەو کەسانە، سیناتۆر پاسکاڵ ساڤۆڵدێلی، سیاسەتمەداری ناوداری فەرەنسایە.
سیناتۆر پاسکاڵ، لەم دواییانەدا داوای لە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە، ڕێگەی پێ بدەن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆببێتەوە. سیناتۆر پاسکال ساڤۆڵدێلی سەبارەت بە داواکارییەکەی لە وەزارەتی دادی تورکیا و گۆشەگیریی لە ئیمرالی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی دایەوە.
"عەبدوڵا ئۆجالان زیندانیەکی ئاسایی نییە، نابێت لە زینداندا بێت"
ئێوە داواکاریتان پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە. ئامانجی سەرەکیتان لەم دیدارەدا چی بوو؟
سەرەتا داواکاریی من بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییەکی ئینسانییە. عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و زیاتر لە ٣ ساڵە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە. دۆخی تەندروستی چۆنە؟ ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەو بارەیەوە نییە. بۆی نییە چاوی بە بنەماڵەکەی و پارێزەرانی بکەوێت و لە زینداندا گۆشەگیر کراوە. بۆیە داواکاریی من بۆ دیدارەکە پێش هەموو شتێک دەستپێشخەرییەکی مرۆییە.
مەسەلەی دووەم ئەوەیە عەبدوڵا ئۆجالان زیندانییەکی ئاسایی نییە. ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان. چونکە دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بۆیە دروست نییە لە زیندان بمێنێتەوە. بە واتایەکی تر توندوتیژی هەڵنابژێرێت. دەیەوێت کێشەی توندوتیژی و ململانێکان بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.
من لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان تووڕەم. بۆیە دەمەوێت بنەماڵە، هاوڕێ و پارێزەرانی وەک نوێنەری هەڵبژێردراو ئاگادار بکرێنەوە. پێویستە بزانین باری تەندروستی و ئەو بارودۆخەی کە تێیدا دەمێنێتەوە و چ ئاستەنگێک لە پێشی دانراوە. ئێمە هیچ نازانین، هەموو شتێک شاراوەیە. بۆیە ئامادەم بۆ دیدار لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان.
"ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن"
وەک لە داواکارییەکەتدا ئاماژەت پێکردووە، ڕێبەری گەلی کورد ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر بارودۆخی سەختدا ڕاگیراوە. زیاتر لە ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێزییەوە نادرێت. گۆشەگیریی ئیمرالی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
کاتێک مرۆڤ بڕگەکانی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی، سیاسی و کەمترین پەیڕەوی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان (یاساکانی نێلسۆن ماندێلا) کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەند کراون، لەبەرچاو دەگرێت، تورکیا هەموو یاساکانی بەزاندووە و پێویستە شەرمەزار بکرێت.
تورکیا سەبارەت بە هەر دوو ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی هیچ پابەندیەکی نییە. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە پێویستە زانیاری لەسەر بارودۆخی تەندروستی بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجالان و بارودۆخی زیندان و مافی مرۆڤ بدرێت؛ واتا دەبێت سەردانی بکرێت. ئەم ڕێسا بنەڕەتیانە بە فەرمی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆماری تورکیاوە پەسەند کراوە. دەبێت ڕێز لەو ڕێسایانە بگرێت. جگە لەوەش هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ بەرێز ئۆجالاندا نییە و هیچ زانیارییەکمان لەسەر تەندروستی نییە.
ئێمە شاهیدین کە دامودەزگاکانی وەک کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) و ئەنجومەنی ئەوروپا کە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئەو ڕێککەوتنانەی باست کرد، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگن. لەسەر هەڵوێستی ئەو دامەزراوانە ڕاتان چییە؟
هەر لەبەر ئەوشتانە من یەکێک لەوانەم دەستم بەکار کردووە. پێویستە لەسەر ئاستی ئەوروپا چالاکی بەڕێوە بچێت. بۆ زۆرێک لە پەرلەمانتاران و سیناتۆرەکانم نووسیوە و داوام لێکردن هەمان ڕێباز نیشان بدەن. بە تایبەتی دەبێت وڵامێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا بە پێی پەیماننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە تورکیا قبوڵی کردووە، وەربگرین. کاتێک بەڵێننامە دراوە، دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەمەش نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتان یەکسانە. بۆیە دەوڵەتی تورکیا دەبێت ڕێز لە ڕێککەوتنەکە بگرێت. پێویستە مافە هاوبەشەکان بەرەوپێش ببرێن و ئەمەش پرسێکە کەپێویستی بە میکانیزمێکە لەسەر ئاستی ئەوروپا و نێودەوڵەتی دەبێت کاری لەسەر بکرێت.
'چاوەڕوانی وڵامی داواکارییەکەمم'
ئایا وەزارەتی دادی تورکیا وڵامی داواکارییەکەتی دایەوە یان نا؟
تا ئێستا وڵامم وەرنەگرتووە. بەڵام من هەوڵی بۆ دەدەم کاتێک هیچ زانیارییەک لە کەسێکەوە وەرناگریت کە ساڵانێکە لە زینداندایە، تۆ توڕە دەبیت. من وەک سیناتۆرێکی کۆماری فەرەنسا چاوەڕێی وڵامم. وەڵامنەدانەوە کێشەیەکە. وڵامەکەی هەرچییەک بێت، دەبێت وڵام وەربگرمەوە. وەڵامنەدانەوە دەبێتە بەشێک لەو ڕوانگە بەردەوامە کە هەیە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە هیچ دیالۆگێک لەکاردا نییە. لە کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا سیاسییەکان بانگهێشت کران بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان. دەوڵەتێک نابێت لە پەرلەمانتاری وڵاتێکی تر بترسێت. هیچ مەترسییەک نییە کە ئەندام پەرلەمانێک لە دۆخی زیندانییەک ئاگادار بکەیتەوە و لە زیندان سەردانی بکەیت.
"یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن بەکاردێت"
لەژێر ناوی "شەڕ دژی تیرۆر"، بەردەوام داخوازییەکانی گەلی کورد پێشێل دەکرێن. زۆرترین داواکارییەکانی مرۆڤ بەستراوەتەوە بەم یاسایانەوە، ئێوە چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟
بەپێی ئەزموونەکانی من لە فەرەنسا و ئەوەی لە جیهاندا بینیومە، دەتوانم بڵێم ئێستا ئاسمیلاسیۆنێک لە نێوان تیرۆر و چالاکیی سیاسیدا هەیە. بە واتایەکی تر ئەوانەی دەسەڵاتدارن، نایانەوێت مافی ئۆپۆزسیۆن بدەن، بڕیار دەدەن هەموو چالاکییەکانیان وەک چالاکیەکی تیرۆریستی پێناسە بکەن. جگە لەوەش لە تورکیا تێبینیم کرد کە سەرۆکی شارەوانییەک بە ئارەزووی حکومەت لە کارەکەی دووردەخرێتەوە، بەپێی دەستووری فەرەنسا ئەمە قەد ناکرێت. شارەوانییەکان بنەمای دیموکراسین لە تورکیا و وڵاتانی دیکە. شەرعیەتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ناکرێت لەلایەن کەسێک یان دەسەڵاتێکی باڵاترەوە پێشێل بکرێت.
"عەبدوڵا ئۆجالان لایەنگری ئاشتییە"
ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پێویستە سەرنجمان لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان بێت. چونکە دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە. کاتێک ئێمە هەر چالاکیەکی سیاسی بە کارەکتەری تیرۆریستی بزانین، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ چارەسەردا نین. وە ئەمەش دواجار توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە.
بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە مرۆڤەکان هەمیشە زوڵمیان پێ دەگات و ڕووبەڕووی دڕندەیی، کوشتن، ئەشکەنجە و دۆخی نامرۆڤانە دەبینەوە. لێرەدا زیندانییەکی سیاسی ڕەوڵی ناوبژیوان دەگێڕێت. تەنانەت دەستی بە دانوستانەکانی ئاشتی کرد. تێناگەم هەرکەسێک بیەوێت وتووێژی ئاشتی ئەنجام بدات و داوای ئاگربەست و وەستاندنی شەڕ بکات چۆن بە تیرۆریست ناوی دەبەن. من پێی دەڵێم کردەوەیەکی ئاشتیخوازی. پێویستە چەندە بۆ گەلی کورد سیاسی بێت هێندەش بۆ گەلی تورکیا سیاسی بێت. ئەمەش هەموو کێشەکانی جیهان دەگرێتەوە. وەک پێشتر وتم تورکیا وڵاتێکە کە پەیماننامەی ئەورووپای بۆ مافەکانی مرۆڤ واژۆ کردووە. دەڵێت مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکەم، بەڵام ماوەیەکی زۆرە عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییە سیاسییەکانی ئیمرالی هیچ زانیارییەکیان لێ نازانرێت.
" لەسەر گەلی کورد تیرۆری دەوڵەت هەیە"
لە هەموو حاڵەتێکدا ناتوانیت باسی دیموکراسی لە وڵاتێک بکەیت کاتێک ئۆپۆزسیۆن زیندانی دەکات. ئەمە دژایەتییە. من پێم وایە سەرۆک کۆمار ئەردۆغان و زۆربەیان، بە نکۆڵکردن لە داخوازیەکانی کورد، بڕیاریان داوە ئۆپۆزسیۆن نەهێڵن. مرۆڤەکان ناتوانن لەژێر ئەم هەلومەرجەدا بە ئاسایش بژین.
کاتێک بڕیار دەدەیت کە کەسانی دیکە هیچ مافێکیان نییە، ئەمە جۆرێکە لە تیرۆر. هەر بۆیە تیرۆری دەوڵەتی هەیە. مەبەستی من ئەوەیە کە نزیکبوونەوە لە گەلی کورد جگە لە تیرۆری دەوڵەت هیچی تر نییە. پەیوەندی نێوان گەلانی تورکیا و فەرەنسا لە بنەڕەتدا زۆر باشە. لەسەر ئەم بنەمایە داوام کرد کە ئەگەر بیانەوێت سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکە دەکەم.
"دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت"
هەڵمەتێکی جیهانی لەژێر ناوی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەستیپێکرد. لەو بارەیەوە پەیامێکتان هەیە؟
عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی خۆی و ڕۆحی تێکۆشانی بۆ چارەسەری سیاسی سەلماندووە. بەداخەوە ئەم بڕیارە لە زیندانی ئەمنی باڵای دوورگەیەکەدا بێدەنگ کراوە. کەسێکە باسی ئاشتی دەکات و ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێت لە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ململانێکان. هەر بۆیە پێم وایە پێویستە ئازاد بکرێت. پێویستە سەر لەنوێ بە ئازادی دەست بە تێکۆشانەکانی بکات. دەوڵەتی تورکیا لە چی دەترسێت؟
وڵات هەیە زیندانی سیاسی تێدا نییە. بەڕای من ئەویش ناتوانێت زیندانی سیاسی بێت. پێناسەی یۆنانی بۆ وشەی سیاسەت ژیانی شارێکە. ئەگەر ژن و پیاو خوازیاری دیموکراسی، ژیانی شارستانی بن، کەس مافی ئەوەی نییە و هیچ پاساوێکیش نییە بۆ ئەوەی ئازادییان لێ قۆرخ بکرێت.