سودانی بۆ خاچی سوور: پێویستە هانی وڵاتان بدرێت هاووڵاتیانیان لە کەمپی هۆل وەربگرنەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونسن داوای لە سەرۆکی رێکخراوی خاجی نێونەتەوەیی کرد، هانی وڵاتان بدەن، کە هاووڵاتیانیان لە کەمپی هۆل وەربگرنەوە.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ میریانا سپۆلیاریچ ئێگەر سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور کۆبوەوە، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند: لە دیدارەکەدا باس لە هاریکاری نێوان عێراق و خاچی سووری نێودەوڵەتی کرا، سودانی کاروچالاکییەکانی ڕێکخراوەکەی لە عێراق بە گرنگ بۆ عێراق وەسف کرد.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کرد، کە هانی وڵاتانی دیکە بدات بۆ وەرگرتنەوەى هاووڵاتیانیان لە کەمپی هۆلەوە.

كەمپی هۆڵ، دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی هۆل لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان، كامپەكە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) پاسەوانی دەكرێت و بەڕێوە دەبرێت.

كەمپی هۆڵ تایبەتە بە خێزان و كەسوكاری چەتە بیانییەکانی داعش، بەپێى ئامارەكان زیاتر لە ٧١ هەزار كەسی تێدایە و زۆربەیان عێراقین.

مەترسی ئەوە لە ئارادایە کە مانەوەی دۆخی کەمپی هۆل وەک خۆی و چارەسەرنەکردنی کێشەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە، ببێتە مایەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش  و لەو چوارچێوەشدا بە فەرمی داوا لە وڵاتان كراوە هاووڵاتییانیان لەو كەمپە بگوازنەوە.