ئاسۆ وەهاب: جەنگی ئەلکترۆنی سەرەتایەکە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ

شارەزای بواری تەکنەلۆژیا ئاسۆ وەهاب ڕاگەیاند: "تەکنەلۆژیا کاریگەریی هەیە لەسەر ئینتیمایی نەتەوەی و بیروڕا، بەکارهێنان و گەڕان بە نێو تۆرەکۆمەڵاتییەکان وایکردووە ئینتیمای نەتەوەیغ لاواز ببیت کە لە بنەڕەتدا ئەم دامەزراوانە ئامانجیان سڕینەوەی بیروڕایە."

پەرەسەندنە خێراکانی تەکنەنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد لە تەواوی جیهان، کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی داناوە، هەندێک جار وەک مەترسییەکی گەورەش دەبینرێت کە بە مەترسی جەنگ و سیخوری کردن بەکاری دێنن. لە ئێستادا پەرەسەندنە خێراکانی ژیری دەستکرد کاریگەری لەسەر ئینتیمایی نەتەوەیی داناوە و لاوازی کردووە، لەو بارەیەوە ئەندامی بۆردی عێراقی بۆ مافە دیجیتاڵییەکان و ڕاهێنەری تەکنەلۆژیا ئاسۆ وەهاب بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  قسەی کرد.

لەسەرەتای قسەکانییدا مامۆستا ئاسۆ وەهاب باسی لەوەکرد تەکنەلۆژیا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی خێرا پەرەی سەندووە، بە دوو ئاراستە گەشە دەکات یەکەمیان سەربازی و دووەم مەدەنییە، وتی: "لە هەر دوو بەشەکەدا ئێمە دەتوانین سودی لێوەربگرین بۆ ئەوەی کاریگەری لە سەر دەروونی بەرانبەر بکەین لە بنەرەتدا هەرواکراوە.

لە لایەنی سەربازییەوە کار لەسەر بابەتی سیخوری کراوە لە پرۆژە گەورەکانی دونیادا بە کارهێنراوە، دیارترین ئەوشتانەی لە ڕابردوودا ئاشکرا بووە ئەو بەڵگە نامانەیە کە ئیدوار سنۆدن  لە بارەی تەکنەلۆژیاوە وەک ئامرازێکی سیخوری کردن ئاشکرای کردووە. تەکنەلۆژیاکانی نەوەی شەشەم دەبینین چ لە ئاستی چەکی قورس و چەکی سوکدا بەشێوەیەکی گشتی بە کاردەهێنریت.

لە ڕووی مەدەنییەوە تەکنەلۆژیا بە کاردەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ئەو قسەیە باوە لە دونیادا کە دەگوترێت زانیاری نەوتی سەدەیە، هەوڵەکان لە نێوان یاریکەرە گەورەکانی جیهاندا هەوڵدان بۆ دەستبەسەراگرتنی زۆرترین زانیاری، ئەو ملاملانێییەی کە لە ئێستادا لە نێوان چین وئەمریکادا هەیە گرێدراوی ئەم بابەتەیە، لە بنەڕەتدا کە بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی بیر و ڕای خەڵک بێگومان کاریگەری لەسەر ئینتیمای نەتەوەیی دەکات.

لە پەنای ئەم گەشەکردنەی تەکنەلۆژیادا کۆمەڵێک چەمکی ترمان هەیە کە لە بواری سیاسی و ئابوورییدا گەشە دەکەن دێنە خزمەتی ئەم بابەتەوە کە ئەویش چەمکەکانی "هاوڵاتیبوونی گەردوونی"یە، ئابووری کۆمپانیا گەورەکان یا خود پێی دەڵێن ئابووری سەرمایەداری. هەموو ئەم تێزانە کاتێک پێکەوە کۆدەبنەوە بێگومان کاریگەری نەرێنی دروست دەکەن لەسەر ئینیتمای نەتەوەیی، ئینتیمای تاک بۆ خاک و نیشتیمان، ئینیتمابوون بۆ جیوگرافیایەکی دیاریکراو.

هاوڵاتی لە نێو ئەم هاوکێشەدا هاوڵاتییەکی گەردوونییە. کار، واتا ڕەنگە تۆ کوردستانیی بیت کارەکەت لە بەریتانیا یا ئەمریکا بێت لە چوار چێوەی ئەم هەموو گۆڕانکارییانەدا بێگومان بیکردنەوەی مرۆڤەکان جارێکی تر گۆڕانکاریی بەسەرادێت."

'تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر ئینتیمایی نەتەوەی دروست کردووە'

وتیشی: "گەر تەماشای جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین و ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە دەبینین زۆربەی جەنگەکە و قورسایی جەنگە لەسەر میدیایە، ئەو ئینتیمایەیی کە لە دە ساڵی ڕابردوو تاکی عەرەب هەیبوو هەمان ئینتیمایی ئەمڕۆ نییە.

لە ئەمڕۆدا تەکنەلۆژیا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر ئینتیمایی نەتەوەی و بیروڕا، ئەو تەکنەلۆژیا لە ئەمڕۆدا دەخرێتە بەردەم هاوڵاتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و گەڕانی بە نێو ئینتەرنێتدا هەموو ئەمانە وایکردووە کە بە شێوەیەکی گشتی ئینتیمایی نەتەوەی لاواز ببێت لە بەرانبەر ئینتیمایەکی جیهانگیریدا."

لە درێژەیی قسەکانییدا ئاسۆ وەهاب باسی لەوەکرد ئەم تەکنەلۆژیا کەسێکی دیاریکراوی لە پشتەوە نییە، دامەزراوەیەکی گەورە بەڕێوەی دەبات، بەمجۆرە بەردەوامبوو: "ئەگەر ئەمریکا بە نمونە وەرگرین دەزگایی جۆراوجۆر هەیە کە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، ئەم دامەزراوانە کە لە پشت ئەم بابەتەوەن دەزگایی سەرکردایەتییە و تەشریعییە کە خۆی لە کۆنگرێسی ئەمریکییدا دەبینێتەوە.

واتا ئیمە لە بەردەم چەندین دەزگاین کە بەرژەوەندییەکی یەکانگیریان هەیە کار بۆ گۆڕینی ڕای گشتی دەکەن دەیانەوێت باڵادەستی ئەمریکا لە کۆی دونیادا بسەپێنن. بەهان شێوە ئەم دامەزراوانە لە بەریتانیا و چینیش بوونی هەیە لە زۆر وڵاتی تردا ئەم دامەزراوانە بوونیان هەیە. کە کار بۆ بازرگانی کردن و سیاسەتەکانی خۆیان دەکەن بۆ فراوانخوازی خۆیان لە بواری تەکنەلۆژیادا کار دەکەن. ئەوەی لە ڕێگەی میدیاکانەوە دەیبین بەشێکی ئەوە نییە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بوونی هەیە و ڕوودەدەن.

چەندین فیلم و دیکۆمێنتاری هەیە باس لەوە دەکات کە چۆن تەکنەلۆژیا کار بۆ سڕینەوەی ئینتیمای نەتەوەی و شۆردنەوەی ئەقڵ دەکات. لەبەر ئەوەی کاری ئەم دامەزراوانە ئەوەیە کە بیروباوەڕی نوێ ببەخشن بە خەڵک، لە بری ئەوەی هاوڵاتییەکی کورد کاری لە پێشینەی ڕزگاری کوردستان بێت لە دەستی داگیرکەران لە پێشینەکەی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی چۆن وەکو هاوڵاتییەکی جیهانگیر مامەڵە بکەین وە ئەمەش کاری سەرەکی ئەوانە بۆ ئەوەی کار لەسەر مێشکی ئێمە بکەن."

'جەنگی ئەلکترۆنی سەرەتایەکە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ'

لە کۆتایی قسەکانییدا ئاسۆ وەهاب تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پێویستمان بە داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتیمانی هەیە لەم بوارەدا و وتی: "ئەم سیاسەتە نیشتیمانییە کۆمەڵێک لایەن بەشداری تێدا بکەن، حکومەت داڕێژەری ئەم سیاسەتە بێت و پراکتیزەی بکات. لە ناو حکومەتیشدا دامەزراوەکانی وەکو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەشێکبن لەم سیاسەتە کاری لەسەر بکەن.

ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم بوارەدا زۆرگرنگە چونکە لە هەموو دونیاشدا هەر بەمجۆرەیە. پێویستە ڕۆڵیکی باش بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بدەین بەتایبەت ئەوانەی کە لە بواری تەکنەلۆژیا و مافە دیجیتاڵییەکاندا کار دەکەن. پێویستمان بە مزگەوتەکان کە وشیاری تێدا بڵابوو بکەنەوە.

هەرکات توانیمان ئەم کارە بکەین و گەلێکی هۆشیار پێ بگات دەتوانین ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی مێشک شۆردنەوە ببینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پەرە بە تواناکانی خۆمان بدەین. پێشتر بۆمباران ڕاگەیاندنی سەرەتای جەنگ بوو، بەڵام لە ئەمڕۆدا جەنگی ئەلکترۆنی سەرەتایەکە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ."