ژمارەی گیراوان لە زیندانەکانی فەرەنسا بۆ بەرزترین ئاست هەڵکشاوە

لە فەرەنسا لە یەکی تشڕینی دووەمەوە ژمارەی گیراوان لە کۆی گشتیی زیندانەکان گەیشتووەتە لەسەدا ١٢٨.٥ و لە ١٣ زیندان ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠٠ی تێپەڕاندووە، واتە دوو هێندە زیاتر لە توانای راگرتنیان، بەندکراویان تێدایە.

بە گوێرەی هەژماری وەزارەتی دادی فەرەنسا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، لە زیندانەکان کە توانای ٦٢ هەزار و ٣٥٧ کەسیان هەیە، لە ١ی تشرینی دووەمەوە ژمارەکە بۆ ٨٠ هەزار و ١٣٠ کەس بەرزبووەتەوە.

راشیگەیاندووە، لە تشرینی دووەمدا بە گشتی قەرەباڵغی ناو زیندانەکان سەدا ١٢٨.٥ بوو، لە ١٣ زیندانیش ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠٠ی تێپەڕاندووە. بەهۆی ئەو قەرەباڵغیەوە، شوێنی نوستن بۆ نزیکەی ٣ هەزار و ٩٦٢ بەندکراو نییە و ناچارن لەسەر زەوی بخەون.

بەشی زۆری ئەو قەرەباڵغی و چڕییەی ناو زیندانەکانی فەرەنسا بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان دەگەڕێتەوە کە چاوەڕوانی دادگایی کردنن، هەروەها هەزاران زیندانی دیکەش سزای ماوەکورتیان هەیە و لەو زیندانەکانن.

لە مانگی تشرینی دووەمەوە ژمارەی گیراوان و دەستبەسەرکراوان گەیشتووەتە ٩٦ هەزار و ٥٦٩ کەس، لەو ژمارەیە ١٦ هەزار و ٤٣٩ نەگیراون، بەڵکوو لە رێگەی بازنەی ئەلیکترۆنییەوە لە ماڵەکانیان دەستبەسەرن.

بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کۆنسەی ئەوروپا لە مانگی حوزەیراندا ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە، چڕی و زۆری گیراوان لە ناو زیندانەکانی فەرەنسا لە بەرزترین ئاستدایە، لە رووی خراپی دۆخی زیندانەکانەوە، فەرەنسا لە دوای قوبرس و رۆمانیا لە پلەی سێهەمدایە.