٣ ڕۆکێت ئاڕاستەی چۆڵەوانیەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر کران

شەوی ڕابردوو، ٣ ڕۆکێت ئاڕاستەی چۆڵەوانیەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر کران و زیانی گیانی و ماددیان لێنەکەوتووەتەوە و پەنجەی تۆمەتیش بۆ هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی ئێراق ڕادەکێشرێت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.

شەوی ڕابردوو، ٣٠ی ئەیلوول، کاژێر ٢٠:٣٠ خولەک بەکاتی هەولێر، ٣ ڕۆکێتی کورتهاوێژ ئاڕاستەی ناوچە چۆڵەوانیەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێری باشوری کوردستان کران. بە گوێرەی زانیاریە سەرەتایەکان، ڕۆکێتەکان هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و زیانی گیانی و ماددیشیان لێنەکەوتووەتەوە.

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەو موشەکانەى ئەمشەو ئاڕاستەى هەولێر کراون لە سنورى لیواى ٣٠ى حەشدى شەعبیەوە تەقێنراون و لیواکەش ساڵى ٢٠١٤دا لەلایەن سەلیم جوما، پەرلەمانتارى پێکهاتەی شەبەک لە پەرلەمانى عێراق مۆڵەتى بۆ وەگیراوە و هەزار و ٥٠٠ چەکدار پێکدێت و وەعد قەدۆ سەرکردایەتى لیواکە دەکات.
 
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە رایگەیاندوە، بە توندی ئیدانەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر دەکەین و حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی توندی دەبێت.
بارزانی ئاشکراشی کردوە: لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و باسی لە گرنگی لێپرسینەوە کردووە لەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکە.

لەلایەکی دیکەوە واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، ئەو موشەکانە ناو بارەگاکانی ئەوانیان نەپێکاوە و هیچ زیانێک وەبەر هێزەکانیان نەکەوتووە و رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.

لە لای خۆیشیەوە سوپای عێراق رایدەگەیێنێت: شەوی چوارشەممە گرووپێکی تیرۆریستی لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە کە سەکۆی چەکی جۆری راجمەی هەڵگرتبوو، پارێزگای هەولێری کردووەتە ئامانج و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
سپای ئێراقیش لە راگەیەنداروێکدا ئاشکرای کردوە:  فەرمان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسی ئەمنی ئەو ناوچەیە دەرکراوە کە هێرشەکەی تێدا ئەنجام دراوە و هێرشەکەش لە دۆڵی تەرجلە لە قەزای حەمدانییەوە کراوەتە سەر باکووری رۆژئاوای هەولێر.

وێڕای ئەم لێدوانانە و ڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ هێزێکی سەر بە حەشد، بەڵام  بەگشتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا بەتەواوەتی وردەکاریەکانی تەقاندنی ڕۆکێتەکان بۆ ڕۆژئاوای هەولێر و ئامانجەکانی وەها کردەوەیەک و ئەو لایەنەی کە لە پشتیەوەتی ڕوون نەبوونەتەوە و ئاشکرا نەبوون.

 

هـ.هـ