بەڕێکخستن کردنی حیزبولکۆنترا (هودا-پار) -٢

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ڕێگەی حیزبولکۆنترا دوو ئامانجی دەست نیشان کرد؛ پەیوەندی نێوان تەڤگەری ئازادیی کورد و کۆمەڵگا ببڕێت، هێزی کۆمەڵایەتی بوونی لەناوببات و کورد بچەوسێنێتەوە. بەشی دووەمی زنجیرە بابەتێک لەسەر حیزبولکۆنترا.

لە تورکیا قۆناغێکی 'تاریک' لە ساڵانی ١٩٩٠دەستیپێکرد، کە دەنگدانەوەی کاریگەریی و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی تەڤگەری ئازادیی کورد لە کوردستان و تورکیا بوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک پڕۆژە دژبەیەکەکانی لەوکاتەدا دەست پێکرد. بەتایبەت لە کوردستان کە سەرهەڵدان پەرەی سەندبوو، باوەڕی گەل بەوەی کە تەڤگەری ئازادیی کورد بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەیە تا دەهات بەهێزتر دەبوو و ئەمەش کاریگەری لەسەر تورکیاش دانابوو.

لە دژی بەهێزبوونی متمانەی گەل، لە دەوڵەتی تورکیادا باوەڕەێکی وەها کە دەسەڵاتەکەیان لە مەترسیدایە پەرەی سەند. ئەم باوەڕە مان و نەمانی دەوڵەتی تورکی بە مان و نەمانی تەڤگەری ئازادیی کوردەوە بەستەوە. بەمەبەستی ڕێگریکردن لە کاریگەری و گەشەی تەڤگەری ئازادیی کورد کە بنکە کۆمەڵایەتیەکانی وردە وردە پەرەی دەسەند، حیزبولکۆنترا کە 'دەستی' لە خوێنی کورددا سوور بوو، لە ساڵانی دەستپێکدا لە کوردستان هێنرایە ناو پڕۆسەکەوە دژ بە گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیی.

حیزبولکۆنترا کە خۆی بە دەمامکی 'ئیسلامیەوە' دەناساند، هاوشانی دەوڵەت، دوو شتی بە ئامانج گرت. یەکەم لەناوبردنی پەیوەندی نێوان تەڤگەری ئازادیی کورد و کۆمەڵگا و بەم شێوەیە بە لەناوبردنی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەی کە تەڤگەری ئازادیی لەسەری بنیات نراوە لەناو ببات. دووەم شت تا دەکرێت کورد بچەوسێنینەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر دەست بە سەرهەڵدن نەکاتەوە. بەم بۆنەوە حیزبولکۆنترا کە دەستی لە کۆمەڵکوژیی گەلی کورددا هەبوو، دیسان دەستی بە دڕندەیی بەرفراوان دژ بە گەلی کورد کردەوە. هەوڵیدا بەو شێوازانەی لەو کۆمەڵکوژیانەی بەکاری دەهێنا بە ئامانجی خۆیان بگەن.

لە ساڵانی ١٩٩٠دا حیزبولکۆنترا کە ناسنامەی ئازادی گەلی کوردی وەکوو پڕۆژەیەکی دەوڵەت بە ئامانج گرت، لەکام هەرێمی کوردستان و تورکیا وەک ناوەندی خۆی دەست نیشانیکرد، گرنگی ستراتژی ئەو ناوەندانە، کێ ئامانجە و بە چ ئامرازێک کۆمەڵکوژیی ئەنجام داوە؟ هەوڵدراوە و کۆکراوەتەوە.

*پەیوەندی نێوان بەکرێگیراوان و حیزبولکۆنترا لە کوردستان پەرەی پێ دەدرا

دەوڵەت بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٥ لە ڕێگەی هۆزی جیرکی ئلکێ لە شڕناخ سیستەمی بەکرێگیراوی لە دژی پەکەکەی دامەزراند. پاشان لە ئێلح دەستی پێکرد. عەشیرەتی حابیزبینی کە ڤەلیئۆغلۆش ئەندامیەتی، لە ئێلح یەکێکە لە یەکەم هۆزەکان کە بوونە بەکرێگیراوی دەوڵەت. عەشیرەتی حابیزبینی لە ١٩٧٠پشتیوانیان لە مەهەپە کرد (بە ساڵان ڕێکخستنی مەهەپە لە شاری ئێلح لە دەستی حابیزبینییەکان بوو) و لە دوای ١٩٨٠ سەرەتا سەرکان ڕامانلی، نوێنەری ئێلحی هۆدا پار، ناوێکی زۆر کاریگەری حیزبوڵا و زۆرێک لە ئێلحیە سەرەکییەکان لە هۆزی حابیزبینی کرجەوسی لەگەڵ حیزبوڵا هاوکاریان دەکرد.

لە ئاداری ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕین لە نسێبین، حیزبوڵا لە قەیرانێکی گەورەی ئەمنیدا بوو. حیزبوڵا سەبارەت بە پەکەکە دەیگوت: "رێکخراوێکی بێ دینە لەلایەن ئەرمەنی و ئێزدییەکانەوە دامەزراوە، پەیوەندی بە کورد و موسڵمانانەوە نییە". بەم شێوەیە هەوڵیان دەدا دوژمنایەتی و دژایەتی دژ بە پەکەکە لە ناو کۆمەڵگادا پەرە پێ بدەن.

٭ جوگرافیای کۆمەڵکوژی حیزبوڵا

لەگەڵ کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر کەسە کوژراوەکان و بینینی بڕیارەکانی دادگا سەبارەت بە حیزبولکۆنترا، دەبینین کە حیزبولکۆنترا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ساڵانی ١٩٩١ تا ١٩٩٥ لە هەرێمی سێگۆشەی مێردین-ئامەد- باتمان زیاتر بووە. لە لایەکەوە فارقین، لە لایەکی ترەوە ناوەندی ئامەد و ئێلح، لە لایەکی دیکەشەوە نسێبین و جزیر و هەزەخیش. ئەگەر ئەم ناوچەیە لەسەر نەخشەکە سەرەنجی بدرێت دەبینی بەزۆری ناوچەیەکی دەشتاییە.

لەم سێگۆشەیەدا، لە ساڵی ١٩٥٠ـەوە، زۆرترین کۆچی تێدا ڕوویداوە و خەڵکەکەی بێ موڵک و ماڵ کراون و ڕوویان کردووتە شارەکان سیاسەتێکی وەها پەرەی پێدراوە. بە خێرایی گۆڕانکاری دیمۆگرافی زۆر بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەو شوێنانە دەستی پێکرد. جگە لەوەش بەهێزترین بنکەی کۆمەڵایەتی بوونی تەڤگەری ئازادی کورد لەم ناوچەیەدا دامەزراوە و پەرەی سەندووە. بەهەزاران گوند سووتێندراون و ژمارەیەکی زۆر لە کوردە وڵاتپارێزەکان ڕوویان لە ناوەندەکانی شارەکان کرد، بە هۆی ئەوەی گوندەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە سووتێنرابوون و بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێ هێشت، ئەمجارە بە ڕێگای حیزبولکۆنتراوە هێرشێکی قورس کرایە سەر ناوەندی شارەکان بۆ ئەوەی ئیرادەی وڵاتپارێزان تەسلیم بکەن.

تایبەتمەندییەکانی ئەم جوگرافیایە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی هۆکاری توندوتیژیی حیزبولکۆنترا ئاشکرا بکرێت. چونکە لەو جوگرافیایە تەختەدا چالاکی و جوڵەی گەریلا نییە و جوگرافیایەکی لاوازە بۆ بزووتنەوەی گەریلا. لەم جوگرافیا و شارانەدا زۆربەی ئەو دانیشتووانەی کە گوندەکانیان سووتاوە و ئەو کۆچەریانەی لە ناوچەکان دوور خراونەتەوە، تێدا نیشتەجێن. جوگرافیایەکە، کە بەهێزترین و گرنگترین وڵاتپارێزانی تەڤگەری ئازادیی کورد تێیدا نیشتەجێ بوون.

لە هەمان کاتدا لەم ناوچەیەدا کاریگەرترین سەرهەڵدان پەرەی سەندووە. تۆڕی سەرهەڵدان لە ٢٨ی ئاداری ١٩٩٠ لە نسێبین دەستی پێکرد. ئەو ڕاپەڕینانەی کە لەلایەن بزووتنەوەی کوردەوە لە ساڵانی ١٩٩٠دا بەڕێکخستن کرابوو، زیاتر لە سێگۆشەی ناوەندی جزیر، نسێبین، فارقین و ئامەد ڕوویاندا. با تیرۆرکردنی سەرۆکی HEP ئامەد وەدات ئایدن بە بیر بێنینەوە. ئەو شوێنەی کە حیزبوڵا تێدا سەریهەڵدا و ئەو شوێنەی کە تەڤگەری ئازادیی کورد زۆرترین پێگەی سیاسی و یاسایی هەیە وەک یەکن. بەکورتی شەپۆلی توندوتیژیی حیزبولکۆنترا کە بووە هۆی سەربڕینی بەهەزاران کەسی سڤیل، لە بنەڕەتدا گۆڕا بۆ بواری کۆمەڵایەتی کە کورد بتوانێت داواکارییە سیاسییەکانی خۆی بێنێتە زمان.

*سوریانی، ئێزیدی و ئەرمەنیش ئامانجی حیزبوڵان

هەروەها ئەم ناوچەیە شوێنێکە، کە زۆرترین ڕێژەی گەلی ئاشووری، ئێزدی و ئەرمەنی تێیدا دەژین، کە لە دوای جینۆسایدی ئەرمەنی-ئاشووری کە لە ساڵی ١٩١٥ بەسەریاندا ئەنجامدرا، ئێستاش سەرەڕای هەموو کردەوە توندوتیژییەکان درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. حیزبولکۆنترا، لە پەداگۆژیی خۆیدا لەناو ڕێکخراوەکەدا، وتاری ڕق و کینی جددی لە دژی بیروباوەڕ و پێکهاتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە پەرەپێدا و لەگەڵ ئەوەشدا هاوسۆزی ئەو گەل و بیروباوەڕە کەمینانەی لە گەڵ تەڤگەری ئازادیی کوردی وەک بیانوویەکی تایبەت نیشان دەدا. واتە لە ڕاستیدا حیزبۆلکونترا لە هەمان کاتدا هەمان ئارگیومێنتەکانی پڕوپاگەندەی دەوڵەتی لە دژی پەکەکە بەکاردەهێنا.

هەروەها بوونی گروپە غەیرە سوننە و موسڵمانەکان بەو مانایە بوو کە حزبوڵڵا لە دژی ئەوان توڕەیی بەکار بهێنێت. بۆ نموونه یەکەم کەسێک که له لایەن حیزبولکۆنتراوه کوژرا، میهایل بایرۆی سوریانی خەڵکی هەزەخ بوو. کەسی دووەم موختاری گوندی ئێزدی ئێلح حسێن پاموکچوە. سێهەمین کەسیش یاکوپ یۆنتان، پزیشکی ددانی ئەرمەنییە لە شاری قۆسەر. لە ساڵانی ١٩٩٠ دا نزیکەی ٦٠ سوریانی لەلایەن حزبولکۆنترا یان ژیتێمەوە کوژران و بە جینایەتی "کردەوەی نادیار" پەردەپۆش کران.

لە ئەنجامدا سەرهەڵدانی پەکەکە بوو بە ئامانجی کردەوەکانی حیزبوڵڵا. ئەم جوگرافیایە دەرفەتی بە حزبوڵڵا دابوو کە چەکدار و بەکرێگیراو کۆبکاتەوە. گەشەی خێرای شارەکان نادیاربوونی بوارێکی گەورەی بۆ جەولانی حیزبوڵا دروستکردبوو. جگە لەوەش دەرفەتی بێسنووری هێزەکانی دەوڵەت ئیمکانی زیاتری بۆ حزبولکۆنترا دروست کردبوو تا بە ئاسانی کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات. بەڵێ، لە ڕاستیدا بنکەی سەرەکیی تەڤگەری ئازادیی کوردی کردە ئامانج، چونکە تەڤگەری ئازادیی کورد پێشەنگایەتی دەکرد. جگە لەمەش هەرکەسێک بانگەشەی کوردبوونی دەکرد، لەلایەن حیزبوڵڵا کۆنتراوە دەبووە ئامانج.

* ڕێگا و ڕێباز و کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی١٩٩٠ی حیزبوڵا

لە ساڵانی ١٩٨٠دا، بەتایبەت لە ساڵی ١٩٨٧دا، هەرچەندە دەستبەجێ کوشتن نەبووە، بەڵام هەڕەشە و ڕەشبگیری و توندوتیژی لە دژی لایەنی کوردانی ئیسلامی دەکرا. بۆ نموونە؛ ڕفاندنی کارمەندێک لە مزگەوت بە هەڕەشە، توندوتیژی دژی کەس وکارەکانیان بە مەبەستی کارکردن لە هەندێک شوێن.

 

لەم ماوەیەدا شتێکی سەیر ڕوویدا. سەرۆکی مەنزیلە، فیدان گونگور، ڕفێندرا و 'بێسەروشوێنکرا لە' (ئەیلوولی ١٩٩٤). لەو کاتەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان گروپی مەنزیلە و گروپی ئیلم گیانیان لەدەستدا. هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە گونوور وتی: "ئامانجی سەرەکیمان بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامی و لەناوبردنی ئەم ڕژێمە تاغوتییەیە". واتە پەکەکە ئامانجی سەرەکی مەنزیلە نەبوو و کاتێک گونور بە ئاشکرا ئەمەی دەربڕی، حزبوڵا لەناوی برد و هەوڵیدا هێرشێکی تیرۆریستی دژی ئەندامەکانی ئەنجام بدات. لەژێر ناوی وەرن با قسە بکەین، بانگەوازی گۆنور دەکەن، دەمی دەبەستن و دەیڕفێنن و دواتر دەیکۆژن. لە ١٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٦، ڕێبەری ئایینی گرووپی مەنزیلە، مەنسور گوزەلسۆی، لە نەخۆشخانە ژەهراوی دەکەن و دەیکوژن.

لە سەرەتای ساڵانی١٩٩٠دا ستراتیژی سەرەکی توندوتیژی کۆتاییهێنان بوو بە بنیاتنانی مەدەنی بزووتنەوەی کورد لە شارەکاندا. لەو ساڵانەدا، هەر لایەنێک کە لەگەڵ دەوڵەتدا کاریان دەکرد، شێوازێکی توندوتیژییانە لەکاردا بوو. ژیتەم بهێننە بەر چاوی خۆتان؛ بیری تێزاب، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ. شێوازی حیزبوڵڵا بەهەمان شێوەیە بوو: ئەگەر ئەو کەسەی دەیانەویست بیکوژن، مەدەنی، وڵاتپارێز یان سیاسەتمەدارێک بوایە کە پێیان وابوو لایەنگری پەکەکەیە، یەکسەر بە ئامانج دەگیرا و دەکوژرا. ئەگەر کەسێک لە ڕیزەکانیانەوە بە پێچەوانەی بۆچوونی ئایینی ئەوان بوایا، ئەوا بە ساتۆر دەکوژرا. ئەگەر بە یاسای شەریعەش نەیانویستبا ژنێک بکوژن، یان تێزابیان بە سەروچاویدا دەکرد یان بە دارێکی بزمارکراو لێیان دەدا.

چەکدارانی حیزبوڵا لەبری ئەنجامدانی هێرشی چەکداری بۆ سەر کەسانێکە دەست نیشانکرابوون، شێوازی ڕفاندنیان هەڵدەبژارد. لە ئێلح و شارەکانی تریش لە گوند و ناوەندی شارەکاندا پەناگەیان دروست کردبوو. ئەو کەسانەی دەڕفێنران سەرەتا دەبرانە ئەم پەناگانە. لەم پەناگانەدا بە زنجیر دەبەسترانەوە. ماوەی چەند مانگێک ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە دەرەوە. ڕۆژانە تەنها جارێک نانیان پێدەدرا. لێرەدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرا. لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا بە دڵنیاییەوە دەنگیان تۆمار دەکرد. دەنگە تۆمارکراوەکان بەپێی پلەبەندی ڕێکخراوەکە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی باڵی خۆیان دەکران. بەو پێیە بڕیار دەدرا چی لەو کەسانە بکەن.

ئەوانەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرا، زۆربەیان لە ئەنجامی ئەشکەنجەی تونددا گیانیان لەدەستدا. یەکێک لەو شێوازانە پێی دەگوترا ' بەراز پێچ'. دواتر لە تەنیشت ئەو ماڵانە، واتە باخچەی ئەو ماڵانە، گۆڕ هەڵدەکەندرا و ئەوانەی لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان دەکوژران، لەوێ بە خاک دەسپێردران. شێوازی ئەشکەنجەدانی حیزبوڵا کە بە 'گرێی بەراز یان بەرازپێچ' پێناسە دەکرێت، زۆر باسی لێوەکراوە و شێوازێکی ئەشکەنجەدانی تایبەت بووە. بە تایبەت لە دوای ساڵی ١٩٩٦ ئەم شێوازە بەکارهێنراوە. بە واتایەکی تر حیزبوڵڵا هەموو شێوازێکی کوشتنی بەکار هێناوە ئەمە یەکێک لەو ڕێبازانەی بووە.

*دڕندییەکانی حیزبولکۆنترا لە ژێر ناوی کوشتنی نادیار کەی دەستی پێکرد؟

کوشتنە نادیارەکانی حیزبولکۆنترا لە ئێلح بە ڕفاندنی ئەو کەسانە دەستی پێکرد کە بە 'لایەنگرانی پەکەکە' پێناسە دەکران. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەموو ڕۆژێک بە تایبەت ئێواران خەڵک دەڕفێندران. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٥دا بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی لە ئێلح ڕفێندران و بێسەروشوێنکراون، کەسانی ئایینی بوون. دوای ماوەیەک پەکەکە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئەو کردەوانە کرد. لەدژی ئەو گوندانەی حزبوڵا تێیدا گەشە دەکات و ئەندامەکانی بەڕێکخستن دەکرد، چالاکی بەڕێوە چوو.

زۆر کەس کە بۆ پڕوپاگەندەی حیزبوڵڵا دەهاتنە مزگەوتە هەرێمیەکان، لەلایەن جەماعەت و مەلاکانەوە ڕاگیران. حیزبوڵڵا کە زۆرترین پڕوپاگەندەی خۆی لە مزگەوتەوە دەکرد، لەو شوێنانەی کە توانیان بمێننەوە و دەرفەتی لۆجستیکیان دەست بکەوێت، دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر پیاوانی ئایینی. یەکەم هێرش لە ساڵی ١٩٩١ لە ئێلح و فارقین ڕوویدا. لە ئێلح مەلایانی ئایینی مزگەوتی نور ڕەسوڵ ئیباک و مەلایانی ئایینی مزگەوتی ئامێدییە عەبدوڕەحمان ئاکیوز و پیاوانی ئایینی مزگەوتی ڕەحمەت تاڵات تورحان دوای ئەوەی بە دار و ساتوور هێرشیان کرایە سەر بە سەختی بریندار بوون. سەرەڕای هێرشەکان، پیاوانی ئایینی لە ئامەد و ئێلح ڕێگەیان نەدا ئەم ڕێکخراوە دژە مزگەوتە بچێتە ناو مزگەوتەکانەوە، ئەمجارەیان بڕیاری کوشتنی پیاوانی ئایینی لە ناوچەکە درا. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢- ١٩٩٥ زیاتر لە ٢٠ مەلای ئایینی و پیاوی ئایینی-یان لە ناو مزگەوتەکان و دەرەوەی مزگەوتەکان لە ئێلح، فارقین و ئامەد لەلایەن حیزبولکۆنتراوە کوژراون. لە ٢٨ی ئابی ١٩٩٢، مەلا سدێق تورهاڵی لە ئامەد بە دەمانچە کوژرا و لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢، مەلا عوبەیدوڵا دالار کە لەلایەن کۆمەڵگاوە کەسێکی خۆشەویست و ڕێزدار بوو، لە کاتی دەرچوون لە مزگەوت لە ناوچەی شەهیدانەوە بە چەقۆ کوژرا. دوای ئەوەی پیاوانی ئایینی و مەلایانی ئایینی مزگەوتەکان، ئەمجارە هێرشیان بۆ سەر گەلی وڵاتپارێز دەستی پێکرد. هەرکەسێک بانگەشەی کوردبوونی دەکرد، ئامانجی هێرشەکانیان بوو. سەدان دوکاندار، فەرمانبەر، خوێندکار، ڕۆژنامەنووس، سەندیکا، سیاسەتمەداران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی دڕندانە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا لە ژێر ناوی 'پشتیوانی لە پەکەکە'دا کوژران.

دوای ئەوەی ئەم پێکهاتە کۆنترایە بەهێز بوو، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەرانی HEP و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردە ئامانج. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە تا ئێستا ئاشکرا بوونە و ئەو دۆسیانەی بەدەست کەوتوون، کوشتنی پەرلەمانتاری HEPی مێردین، محەممەد سنجاڕ، کە لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٩٣ لە ئێلح ڕوویدا، پەیوەندی بە حیزبوڵاوە هەبووە. حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی دڕندانە زۆر ڕۆژنامەنووسی کوشتووە. لە ١٨ی شوباتی ١٩٩٢، حالیت گونگەن، کە لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر چالاکییەکانی حیزبوڵڵا دەکرد، ساڵی ٢٠٠ لە ئامەد بە فیشەک کوژرا. ئامانجی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی کارمەندانی ئۆزگور گوندەم و ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە بوو کە بەدواداچوونیان بۆ ئەو ڕێکخراوە دەکرد. لە ساڵی ١٩٩٢دا چەنگیز ئاڵتون پەیامنێری یەنی ئولکە، حافز ئاکدەمیر، پەیامنێری ئۆزگور گوندەم، یەحیا ئۆرهان و چەتین ئابابای بە دەستی حیزبوڵکۆنترا کوژران.

جگە لە کوردە وڵاتپارێزەکان، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیانەی کە دژی سەپاندنی شێوازی ژیانی شەریعەتی ئایینی حیزبوڵڵا بوون، کرانە ئامانج. شێوەکانی ئەنجامدانی دڕندەییەکانیان تەنها بە هۆی ئەم ترسەوە نەبوو. ئەم ترس و نیگەرانییە بە شێوازگەلێکی وەک هەڕەشەکردن بە رێگای تەلەفۆن و شێوازی دیکە لە بڵاوکردنەوەی ناوەکانیان لە "لیستی مردن" دا و چاودێریکردن قووڵتر بووەوە.

ئەوانەی بەشداری پرسەی کەسە کوژراوەکان دەبوون، یان ئەو مەلا ئایینیانەی کە بەشداری شۆردنی تەرمی مردووەکان دەبوون، ئامانجی هێرشەکان بوون. هەروەها باوەڕ بە قووڵترین نەریتەکانی کۆمەڵگاش بەهۆی ئەمەوە زیانی پێگەیشت. بۆ نموونە لە فارقین لە هەندێک حاڵەتدا ژنان ناچار دەکرێن جەستەی پیاوە مردووەکان بشۆن.

لەو کاتەدا هاوژین، خوشک و برا و هاوڕیەکانی یەکتریان بە سیخوڕی تۆمەتبار دەکرد و بە ئەشکەنجە و لێپرسینەوە یەکتریان دەکوشت. لە ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠٠٠دا بەشێک لە ئەندامانی ڕێکخستن ماوەی چەند مانگێک بە ڕێبازی ئەشکەنجەی 'گرێی بەراز' بەسترابوونەوە و کوژران دواتر کە دۆزرانەوە دەرکەوت نایلۆنیان لەسەر جەستەیان تواندووتەوە.

حیزبوڵڵا نەک هەر بە دڕندەیی بەڵکوو بەردەوان لە ژیانی ڕۆژانەدا لە ناوەندی شارەکاندا توندوتیژیی ئەنجام دەدا. حیزبولکۆنترا تاکە ئاماژەیە بۆ توندوتیژی لە یادەوەری کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی ١٩٩٠ـە، کە ڕێک لەگەڵ واقیعی ئەم سەردەمە ترسناکە یەکێکە.

* جوگرافیای کۆمەڵکوژی نوێی حزبوڵا

تا ساڵی ١٩٩٥ شوێنی سەرەکی کە حیزبوڵا توندوتیژی تێدا ئەنجام دەدا ئەو سێگۆشەیە بوو کەباسمان کرد لە کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٦ بەدواوە دوو ناوچەی نوێی توندوتیژی زیاد کرد بە دڕندەییەکانی. حیزبوڵا بەو بوێرەییەی کە لە دەوڵەت وەریدەگرت، گەلی کوردی دەچەوساندەوە و بە ترس و دڕندەییەی کە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەی دەبرد، کەوتبووە ناو کەشێکی وەها سەر مەستەوە کە گوایە سەرکەوتووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦-١٩٩٩ لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئامەد، ئێلح و مێردین دا نزیکەی هەزار کەس دەستبەسەر کران. بەو ئۆپەراسیۆنانە حیزبوڵا ڕووی لە مێرسین و دیلۆک و کۆنیاش کرد و دواتر ڕووی لە ئەستەنبوڵ و بورسا و دوزجە و کۆجاعەلی کرد. دوای ئەوە دوو گروپیان کردە ئامانجی پلانەکانیان. یەکێک لەوانە گروپی مەد زەهرا بوو.

لە ساڵانی ١٩٥٠ بەدواوە دیاردەیەکی جەماعەت زۆر بەرفراوان لە کوردستان وەک جەماعەتی مەد زەهرا، کە جەماعەتی سەیدی کوردین نەک هەر وەک زانایەک، بەڵکوو وەک "کورد" دەناسرێن و بەرفراوانتر دەبن. کەسی ڕاستیان سەرۆکەکەیان عیزەدین یڵدرم لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن حزبوڵکۆنترا تیرۆر کرا. لە بەڵگەنامە و لە وێنە بڵاوکراوەکاندا دەرکەوتووە کە لەلایەن خودی سەرکردەی حیزبوڵکۆنترا حسێن وەلیئۆغڵوەوە ئەشکەنجە درا و کوژراوە.

سەرۆکی گرووپی مەد زەهرا عیززەدین یڵدرم ڕفێندرا و کوژرا. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٨ فێمینیستی موسڵمان کۆنجا کورش لە شاری مێرسین ڕفێندرا و کوژرا. عیززەدین یڵدرم لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ لە شاری فاتیحی ئەستەنبوڵ لەلایەن حیزبولکۆنتراوە ڕفێندرا. دوای یەک مانگ لێکۆڵینەوە، تەرمی یڵدریم لە ٢٠ی ژانویەی ٢٠٠٠ لە ماڵێکدا لە کارتاڵ دۆزرایەوە. لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە شاری بایکۆز هەڵیانکوتایە سەر ڤێلای حیزبولکۆنترا و لەوێ سەرکردەکەیان وەلیئۆغلو کوژرا و شریتە تۆمارکراوەکانی ئەشکەنجەدانی یڵدرم ئاشکرا کرا. هەروەها لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٩ لە شاری ئەڵعەزیز لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی شانەیەکی حیزبولکۆنترا، دیمەنەکانی ئەشکەنجەدانی عیزەتین یڵدرم ئاشکرا بوون. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا یڵدرم باس لەوە دەکات کە لەلایەن حزبوڵاوە زیندانی کراوە. لە بەڵگەنامەکانی دیکەدا کە دەستکەوتووە، دانپێدانانی ئەندامانی حیزبولکۆنترا باس لەوە دەکەن کە عیزەتین یڵدرم لەلایەن حسێن وەلیئۆغڵوەوە بە 'گرێی بەراز' لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

دوای کوژرانی حسێن وەلیئۆغڵو، عیسا ئاڵتسۆی (باغاسێ) شوێنی گرتەوە. ئاڵتسۆی لە کتێبە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عیزەدین یڵدرم لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە. بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست کەوتووە دەرکەوت کە یڵدرم لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دڕندانە لەلایەن حیزبولکۆنترا کوژراوە. تەرمی یڵدریم لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە شاری عومرانیە لە ماڵێکدا دۆزرایەوە.

*یەکێک لە پێشەنگەکانی چالاکیی ژنانی موسڵمان، کۆنجا کورش کە بەدەستی حیزبولکونترا کوژرا

کۆنجا کورش، یەکێک لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی چالاکیی ژنانی موسڵمان، لە ١٦ی تەمووزی ١٩٩٨ لە لایەن ئەندامانی حیزبولکۆنترا لە شاری مێرسین ڕفێندرا و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە و کوژرا. دوای ٥٥٥ ڕۆژ لە ڕفاندنی، لە ژێرزەمینی یەکێک لە ماڵەکانی حیزبولکۆنترا لە شاری کۆنیا بە مردوویی دۆزرایەوە. دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی دەرکەوت کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەشکەنجە دراوە و بە شێوازی 'گرێی بەراز' کوژراوە. لە کاتی ئۆپراسیۆن دژی وەلیئۆغڵو، لە کاتی گەڕان بە ناو ڤێلاکەیدا، دەست بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی لێکۆڵینەوە و پاسپۆرتی کورشدا گیرا. لە بەڵگەنامەکاندا دەرکەوت کە کورش لەلایەن حیزبولکونترا دەسگیر و ڕفێنراوە. هەر لەو ماڵەدا ٤تەرمی تر لە ئەنجامی هەڵکۆڵیند دەرهێنران و دەرکەوت کە ئەندامانی حیزبوڵا گازۆیلیان لە دەوروبەری ماڵەکەدا ڕشتووە بۆ ئەوەی بۆنی تەرمی مردووەکان نەچنە دەرەوەی ماڵەکە.

ئایا حیزبوڵا گافار ئۆکانی کوشتووە؟

ئەمجارە حیزبوڵا لە کاتی پڕۆسەی پاکتاوکاری پۆلیس و سەربازەکانیشی کردە ئامانج. دوای ئەوەی گافار ئۆکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئامەد دەستنیشانکرا، ئۆپەراسیۆنەکان دژی حیزبوڵا زیادیان کرد. بۆیە گافار ئۆکان بوو بە ئامانجی حیزبوڵا. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠١ سەرەتا نارنجۆکێکی دەستییان بە ئۆتۆمبێلە فەرمییەکەی ئۆکاندا تەقاندەوە و دواتر لە چەپ و ڕاستەوە ١٨-١٩ کەس تەقەیان لێکرد. هاوکات لەگەڵ ئۆکان، ٥ پۆلیس گیانیان لەدەستدا. لە پرسەی ئۆکاندا، بەهەزاران کەس دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ حیزبوڵڵا"یان وتەوە، بەرپرسانی دەوڵەتیش وتیان حیزبوڵا لە پشت ئەم هێرشەوەیە. دوای تیرۆرکردنەکە ٢٦ کەس ئەندامی حیزبوڵا دەستبەسەر کران. دادگاییکردنی ئەو کەسانە کە هەندێکیان دەستبەسەر و زیندانی کران، بەساڵان بەردەوامی بوو. هەموو ئەوانەی سزا دران و لە کاتی خۆیدا ئازاد بوون.

یەکێک لەو ناوە گرنگانەی کە لە کوشتنی گاڤار ئۆکاندا دەستی هەبوو، محەممەد بەشیر ڤارۆل ناسراو بە مەلا مزگین، ئەندامی ئەنجومەنی حزبوڵڵا بوو، ئەو فەرمانی هێرشەکەی دابوو دواتر دەستگیرکرا و سەرجەم هێرشبەرەکان سەرۆکی موستەزاف دەر و دامەزرێنەری هودا پار حسێن یڵماز و سەرۆکی ئێستای هودا پار زکەریا یاپجئۆئۆغڵو بوون. دواتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حیزبولکۆنترا، دەست بەسەر کران. هەر لەو ئۆپراسیۆنانەدا، هاندەرانی حیزبولکۆنترا محەممەد فیدانجی، بەدران سەلامبۆگا، وەیسی شانلی، سەرڤەت یۆلداش، سوعات چەتین و شەنەر دۆنوک بە زیندووی دەستگیرکران و حەسەن ساراگاچ کوژرا. تاوانبارانی دەستگیرکراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە فەرمانیان لە بەرپرسی حیزبوڵا، محەممەد بەشیر ڤارۆل وەرگرتووە کە ئێستا لە ئێلح نیشتەجێیە.

*پەیوەندی نێوان حیزبوڵا و دەوڵەت

ئەگەر لە چاوی گەلەوە بڕوانین، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و حیزبولکۆنترا زۆر ڕوونە جێی مشتومڕ نییە. لە ساڵانی ١٩٩٨٠دوو زاراوە بۆ حیزبوڵا بەکاردەهێنرا. لە فارقین پێیان دەوت "خومەینیست". چونکە زۆربەی بڵاوکراوەکانیان لە دوکانێک کە سەبارەت بە شۆڕشی ئێران بوو و کەلوپەلی نووسینی دەفرۆشت لە فارقین وەردەگرت و سروودەکانی پەیوەست بە ئێرانیان زۆر گوێ لێ دەگرت.

ئەگەر لە کەوانەیەکدا، مەسەلەی ئەوەی کە حیزبوڵا چ شتێکی ئەخلاقی و ئیپیستمۆلۆژی بۆ خۆی بنیات ناوە، بخەینە ڕوو زۆر گرنگە. بۆ نمونە ئاهەنگی هاوسەرگیری یەکەم بوارن کە حیزبوڵڵا شوناس و جیاکاری خۆی وەک حیزبوڵا تێدا جێگیر کردووە. لە ئاهەنگەکاندا تەپڵ و زۆرنا بەکار نایەت، گۆرانی و ئاوازی ئایینی دەڵێنەوە و ژن و پیاو جیا لە یەکترن ئەم کردەوەیە بۆ حیزبوڵا زۆر گرنگ بووە بۆ دەربڕینی جیهانی خۆی.

دوای ئەم کارەیان گەل پێیانی دەگوت "سۆفی". سۆفی وشەیەکی گرنگە لە زمانی کوردیدا و بە واتای مرۆڤە ئارامەکانە کە بە پاکی بیروباوەڕی ئایینی خۆیانەوە دەژین و زیان بە کەس ناگەیەنن. بەڵام "سۆفی" دەربڕینێکی نەرێنییە لەبەر ئەوەی لە .بنەمادا ئەوان وەها نەبوون، بەڵام وا خۆیان نیشان دەدا. ئەوان لە ڕاستیدا دەمامکی ئیسلامیان لەبەر کردبوو، دواتر لە چاوی گەلدا بە موسڵمانی ساختە دەناسرن.

ساڵی ١٩٩١ دوای توندوتیژییەکان، پێناسەی جیاواز بۆ حیزبوڵڵا بەکارهێنرا، بۆ نموونە: حیزبولشەیتان، حیزبولبەڕبەڕ و حیزبولکۆنترا. ئەم سێ پێناسەیە دەرخەری ئەوەیە کە کوشتنەکانی حیزبوڵڵا و دادگایی نەکردنی ئەو کەسانەی ئەم دڕندەییەیان ئەنجامداوە، لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێن. لەبەر ئەوە هەموو کات هێرشبەرەکان لە کاتی هێڕشدا دەستگیر دەکران لە لایەن پۆلیسەوە کەچی دواتر ئازاد دەکران.

لە تۆمەتبارکردنی دۆسیەی چەکدارانی حیزبوڵڵا کە لەلایەن داواکاری گشتیی دادگای ئەمنی دەوڵەتەوە لە ئامەد لە ساڵی ٢٠٠٠ ئامادەکرابوو، باس لەوە کراوە، "حیزبوڵڵا، وەک هێزێکی دژبەر لە دژی پەکەکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دەسەڵاتی پێدار، فەرماندەی گشتی پێشووی جەندرمە لەوکاتەدا، لە پڕۆسەیەکدا کە چالاکیەکانی حیزبوڵڵا زیادی کردبوو، وتی: "حزبوڵڵا ئەو هاوڵاتیانەن کە باوەڕی ئایینی بەهێزیان هەیە و لە دژی هێرشەکانی پەکەکە بەرگری لە خۆیان دەکەن. بەو شێوەیە پێناسەی بۆ حیزبوڵا دەکرد."

لەکاتی خۆیدا عارف دۆغان، بەرپرسی پێشووی گروپی هەواڵگریی جەندرمە، لە ساڵی ٢٠١١ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ م.عەلی بیراند ڕایگەیاند؛ "بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی تەڤگەری ئازادیی کورد و گەلی کورددا سەربکەوین، من حیزبوڵکۆنترام دروستکرد". بەم قسانە ڕوون بووەوە کە حیزبولکۆنترا لەلایەن کێ و بۆ چ مەبەستێک دامەزراوە.

-مەلا زیندانیەکان

وەک تەدبیر، ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوەکە کە دوای چالاکییەکان ئاشکرا دەبوون، یان پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا کێشەی هەبوو، بڕیارێکیان دانابوو بۆ دەستگیرکردنیان، هەتا چەند مانگێک، هەندێکجار بە ساڵان بەبێ چوونە دەرەوە، لە شوێنەکاندا بمێننەوە پێی دەوترا 'زیندانی ماڵەوە' ئەو شوێنانە لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوون هەڵدەبژێردران کە سەرنج ڕاکێش نەبوایان. دەکرا زیندانیانی دیکە یان سزادراوان وەک میوان یان وەک خزم لە ماڵی ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا بمێننەوە. پێداویستییەکانی ئەو کەسانە لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە دابین دەکرا واتە پارەکە لەلایەن دەوڵەتەوە خەرج دەکرا. عوسمان کونتەش، سەرۆکی پێشووی ئیحدی ئێلح، وەک هەزاران وڵاتپارێزی دیکە، بە مانگان لە یەکێک لەو ماڵانەدا زیندانی کرا و ئەشکەنجە درا.

-مەزارگەی حیزبوڵا

لە گوندی یۆلاچ لە فارقین و بولوتچەکی چنار، دوو گۆڕستان هەیە کە ڕێکخراوەکە بەناوی مەزارگەی شەهیدان ناوی لێناوە، بکوژەکانی حیزبوڵکۆنترا کە لەو ناوچەیە دەکوژران، لەوێ بە خاک دەسپێردران. کۆنترا کوژراوەکان لەم گۆڕستانانەدا بە خاک دەسپێردرێن.

- ڕێکخستنی زیندانەکان

بەرپرسی زیندان کە لە پشت پەردەوە دەمێنێتەوە، کەسێک بەشێوەیەکی فۆرماڵیتە دژی ئیدارە دەخەنە پێشەوە. پەیوەندی نێوان بەرپرسانی زیندان و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکە لەلایەن پارێزەرانی پیشەیی هەڵبژێردراوی تایبەتەوە دابین دەکرێت. پەیوەندی و زانیاری لە نێوان بەڕێوەبەرانی حیزبولکۆنترا کە بەساڵانە لە زینداندان، لە ڕێگەی زەکەریا یاپجئوغڵو، حسێن یڵماز، سەرکان ڕامانلی و پارێزەران کە ئێستا جێگەی خۆیان لە بەڕێوەبەرانی هودا-پارن، جێبەجێ دەکریت.

- ڕێکخستنی هیرارشی

فەرمانی گشتیی حیزبولکۆنترا، بە دەربڕینیان، سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە. دوای ئەوە شورا (دەستەی کارگێڕی) دێت. ئەندامانی ئەنجومەن بەرپرسیارن، لە چوار لقی سەرەکی پڕوپاگەندە، ڕێکخستن، سەربازی و هەواڵگری پێکهاتوون. دوای کوشتنی وەلیئۆغڵو، ئەدیپ گوموش بە فەرمی لە زیندان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئازادکرا و وەک فەرماندە یان سەرکردەیەکی گشتی ناسێندرا، هەرچەندە بکوژی سەدان کەسە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. ئەندامانی ئەنجوومەنی حیزبوڵا ئەمڕۆ تا ئاستێک هەموویان پۆستی خۆیان لە بەڕێوەبردنی ئیتیحادول عولەما، ئوموت کەرڤان، هودا پار و هتد، ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە حیزبوڵا تێدا بەشدارن.

*لە ساڵی ٢٠٠٠دا بکوژی سەدان کوردی حیزبوڵا لە ژێرزەمینەکاندا شاردەوە

لە ساڵانی ٢٠٠٠دا دوو هەزار حیزبوڵا دەستبەسەر کران و نیوەیان زیندانی کران. بەهۆی لێدوانی ئەم کەسانەوە، ٧٥ مرۆڤی کۆمەڵکوژ کراو ئاشکرا بوون. دوای تیرۆرکردنی حسێن وەلیئۆغڵو سەرکردەیان، حیزبوڵڵا دەستی بە پرۆسەی "پاکتاوکاری"کرد. لەو پرۆسەیەدا حیزبولکۆنترا پاشەکشەی بۆ "ژێر زەمینی" کرد، لەگەڵ هەمان ئەو پرۆسەیە کە لە ساڵی ١٩٩٩دا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ئەنجامی پیلانێکی نێونەتەوەییدا ڕادەستی تورکیا کرا. حکومەتی تورک ئامانجی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کورد بوو بە پیلانێک، پێی وابوو چیتر پێویستی بە بوونی حیزبوڵکۆنترا نییە، بۆیە ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا. لەسەر ئەم بنەمایە سەرکردەکانی حیزبولکۆنترا دەستگیرکران و چالاکییەکانی سنووردار کران.

لە ماوەی ئەو پڕۆسەیەدا، بەگوێرەی دەوڵەت، ئیتر حیزبوڵا وەک ئۆرگانێک نەدەبینرا کە لەگەڵیدا ڕێکبکەون، وەک بەربەستێک دەبینرا کە کۆنتڕۆڵکردنی قورس بوو، و بە شێوەیەکی بەرفراوان ئۆپەراسیۆن لەدژی دەستی پێکرد. حسێن وەلیئۆغڵو لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە ڤێلایەکی شاری بایکوز بە مردوویی دۆزرایەوە. لە بانگەشەیەکی دیکەدا باس لەوە دەکرێت کە ئەدیپ گوموش، عیسا ئاڵتسۆی، هاجی بەیانجوک و جەمال توتار کە ئەندامی حیزبولکۆنتران، لەگەڵ دەوڵەت لەسەر چەمکێکی نوێ ڕێککەوتوون و کوشتوویانە و وا نیشانی دەدەن کە لەلایەن دەوڵەتەوە کوژراوە.

دوای کوشتنی حسێن وەلیئۆغڵو لە ساڵی ٢٠٠٠بە هەزاران ئەندام و کەسانێک کە هاوکاری حیزبولکونترایان کردبوو لە تورکیا دەستگیرکران. هەندێکیان سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا. لە چوارچێوەی ئیفادە و دانپێدانانەکاندا بەسەدان خانووی هاوشێوە لە هەموو شوێنێک دۆزرایەوە و بە سەدان تەرمی کورد لە ژێر ماڵەکاندا دۆزرانەوە.

هویەت وەرگرتن و تۆمارکردن

پارێزەر یاشار ئاڵتورک کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی حیزبوڵڵا دەکات کە لە ساڵانی١٩٩٠دا گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، بەم قسانە دڕندەیی حیزبوڵڵا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: "لە هۆڵی دادگا سەیری ڤیدیۆی دڕندەییەکانی حیزبوڵڵامان کرد". کەسانێکیان ڕادەکێشا کە لێکۆڵینەوەیان لێدەکردن. زۆر ترسناک بوو. کاتێک ئێمە سەیری ئەم دیمەنانەمان دەکرد، تەنانەت دادوەریش، جار جار ڕوومان هەڵدەگێران بینینی دیمەنەکان زۆر بەئازار بوو.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لێپرسینەوە لەگەڵ نووسەر کۆنجا کورش، سەرۆکی مەد زەهرا، عیزەدین یڵدرم. ناونیشانی ١٠٠کەسی دیکە کە ڕفێنرابوون، لەوێ دۆزرایەوە و لەم لیستەدا ناوی ١١ کارمەندی بەناوبانگ کە بێسەروشوێن بوون هەیە.

دوای دوو ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنی بایکۆز، بەپێی دانپێدانانی ئەدیپ گوموش، لە شەقامی حەسیپ پاشای ئوسکودار، گۆڕی بەکۆمەڵی حیزبوڵڵا دۆزرایەوە. لە هەر شوێنێک کە هەڵدەدرایەوە تەرمی مردوویەک دەدۆزرایەوە.

تەرمەکان بە شێوەی .منداڵ نێژرابوون و دەست و قاچیان بەسترابوو. هەندێ لە تەرمەکان سەریان کۆنکرێت کرابوو دەست و قاچیان شکابوو. کوژراوەکان لە ڕاستیدا دیار بوو کە چەندە ئەشکەنجە دراون.

بەپێی لێکۆڵینەوە لەسەر تەرمی مردووەکان دەرکەوتووە کە ئەندامانی حیزبولکۆنترا بە ئەشکەنجەیەکی دڕندانە ئەم ڕفێنەراوانەیان کوشتووە. بە تەلی ئاسنین بەیەکەوە بەستراونەتەوە و پێش مردنیشیان و دواتر چاڵ کراون. ئەمانە لە ڤیدیۆکاندا دەبینرێت.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە ماڵی حیزبولکۆنترا بەدەست کەوتووە و ئەو دڕندەییەی لە لێکۆڵینەوەکاندا بەدیار دەکەوێت، بووە هۆی سەرسوڕمانی سیاسەتمەداران.

لە کارتاڵ لە یەک ماڵدا ٩ تەرمی مردوو دۆزرانەوە

گۆڕەکانی حیزبوڵا تەنیا بەوانەو سنووردار نییە. ماڵی دووەمی ئەم ڕێکخراوە لە ئەستەنبوڵ لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە کارتاڵ دۆزرایەوە. لە ئەنجامی گەڕانەکەدا، ٩ تەرم دۆزرایەوە.

لەسەر باڵندەیەک دوو منداڵیان کوشت

دوای دۆزینەوەی بینای کارتاڵ لە ئامەد، لە گەڕەکی ساواش و شەقامی کوچوکساڤاش، ٦ تەرم لە دوو خانووی تەنیشت یەکتردا لە ژێر خاک دەرهێنران. دەرکەوت دوو منداڵ بە ناوەکانی ئایەتوڵڵا داڵگن (١٧ ساڵ) و عەلی چەلیک (١٩ ساڵ) کە لە ٢١ی کانوونی دووەمەەوە بێسەروشوێن بوون و بۆ خواردنی باڵندەکان چوونەتە ناو ئەو ماڵەوە، لەنێو تەرمەکاندا بوون.

لە سەرتاسەری تورکیا و کوردستان گۆڕی بن ماڵان هەیە

بەپێی دانپێدانانی سەرکردەکان و ئیفادەکانی حیزبوڵکۆنترا، ئۆپەراسیۆن لە هەموو شوێنێ ئەنجامدراوە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە ئەستەنبوڵ، ئەدەنە، کۆنیا، ئەنقەرە، ئامەد، باتمان، شرناخ، مێردین و لە زۆر شوێن ئەنجامدرا، گۆڕی بن ماڵان هەیە. تەرمی بەسەدان کەسی وڵاتپارێز و ئایینی و چەپ و دیموکرات کە بە دەستی حیزبوڵڵا کوژراون لەو ماڵانەدا دۆزراونەتەوە. بە تایبەتی دیمەنی دڕندەییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ئاشکرا بووە. هەروەها دەردەکەوێت کە سەرکردەکان و ئەندامانی حیزبوڵا کۆنکرێتیان بەسەر لاشەی ژێر ماڵەکاندا کردووە. زۆربەی ئەو کەسانەی سەر بە حیزبوڵڵا بوون، لە باخ و بن ماڵەکانیان تەرم دۆزراوەتەوە، ئەمڕۆ هەر ئەو کەسانە دەتوانن بە ئاسانی سەردانی شارەکانی کوردستان بکەن و لە هودا-پار درێژە بە کارەکانیان بدەن.

ئەوان تا ئەمڕۆش بە هەمان ئامانج، بەڵام بە میتۆدێکی جیاواز بە بەرگی پارتێکی سیاسیەوە درێژە بەکارەکانیان دەدەن. بێگومان دەوڵەتی تورک و هێزەکانی دیکەش لەم کارە قیزەوندا ڕۆڵیان هەیە. بەڵام کاریگەری تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کورد و گەلی کورد کە پیلانەکانیانی پووچ کردەوە، یەکلاکەرەوە بوو.