بەرهەمی شێوەکاران بێنیامین بادۆک، گابریەلا یۆلۆڤیچ و توماس کلیپەر لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا نمایش کران.
لە پێشانگاکەدا لەپاڵ پۆرترێتی دەیان بیرمەند و شۆڕشگێڕ و کەسایەتی ناوداری جیهانی، کە لەلایەن توماس کلیپەرەوە لەسەر تەختە کێشرابوون، پۆرترێتێکی رۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دەبینرا کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک سەید سادق شەهیدبوون.
لەوبارەوە توماس کلیپەر وتی، "حکومەتی وڵاتەکەم (ئەڵمانیا) ئەندامی ناتۆیە و سوپای تورکیش بەشێکە لە ناتۆ. هەربۆیە هەستم کرد منیش بەشدارم لە کوشتنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە. بۆیە بەپێویستم زانی پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو رۆژنامەوانانە دەربڕم. ئەمە مایەی شەرمەزارییە، باسی دیموکراسی دەکەین، بەڵام ئەو مرۆڤانەی بۆ گەیاندنی زانیاری بە خەڵک کاردەکەن، دەکوژرێن. ئەمە پێی ناوترێت دیموکراسی، پێچەوانەکەیەتی. ناتوانم ئەو راستیە لەناو هەواڵەکاندا بدۆزمەوە. لەبەر ئەوە وەک هونەرمەندێک من بە پێویستم زانی بە هونەری خۆم سەرنج بۆ سەر ئەو بابەتە رابکێشم. ئەوەی من کردم سازکردنی پۆرترێتێک بوو. تا لەدەستم هات، هەوڵمدا رێزی خۆم بەرامبەر ئەوان بنوێنم. راستە زیندوو نین، بەڵام لەبەر رێزی ئەوان ویستم پرۆترێتەکەیان سازبکەم".