ئاماری شەهید و بریندارەکانی هێرشەکانی سوپای تورک ، شەهیدبوونی ٢٣٥ هاووڵاتی سڤیل کە ٢٢یان منداڵن و برینداربوونی ٦٧٧ کەس

جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند،پێنج ڕۆژە سەرێکانی لەگەمارۆدایە، تا ئێستا ژمارەی بریندارانی هێرشی سوپای تورک و چەتەکانی گەیشتوەتە ٦٧٧ کەس، ژمارەی شەهیدان گەیشتوەتە ٢٣٥ کەس کە ٢٢ کەسیان منداڵن.

جوان مستەفای هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی و خالد ئیبراهیم هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری رێکخراوەکان لە کانتۆنی جزیرە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری حەسەکە، ئاماری شەهید وبریندارە سڤیلەکانی چەند رۆژی رابردووی هێرشی چەتەکان و سوپای تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.

جوان مستەفا ئاماژەی بەوە کرد: "سوپای داگیرکەری تورک ژمارەیەک بنکەی تەندروستی ئێمەی لە شارۆچکەی سەرێکانی کردوەتە ئامانج، ئەو بنکانەش ئێستاکە لەکار کەوتوون".

جوان ئەوەشی ڕاگەیاند، کارمەندە تەندروستییەکانمان ئەوەندەی لە توانایاندا هەبێت هەوڵ دەدەن بریندارە سڤیلەکان رزگار بکەن کە لە ناوچەکەن، ئەوەشی وت: "هەتا ئەم ساتەش کارمەندەکانمان ناتوانن بچنە ناو شارەکە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەتەکان رێگەکانیان داخستووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستەی پزیشکییەکانمان لەگەڵ چەند دکتۆرێکی ئەمریکی لە دەروازەی شارۆچکەکەن".

لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، جوان ئامار شەهیدبوون و برینداربوونی هاوڵاتیانی سڤیلی ڕاگەیاند و وتی:"نزیکەی ٦٧٧ کەس تا ئێستا بریندار بوون،  ژمارەی شەهیدە سڤیلەکانیشمان تا ئێستا گەیشتوەتە ٢٣٥ هاوڵاتی کە ٢٢ کەسیان منداڵن".

هەروەها خالد ئیبراهیم هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری رێکخراوەکان لە کانتۆنی جزیرە رایگەیاند: "ئێمە لە بەردەم کارەساتێکی مرۆیی داین، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسی دانیشتوانی شارە سنوورییەکان ئاوارە بوون، لە شارۆچکەی حەسەکە ٤٢ قوتابخانە پڕن لە ئاوارە".

ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد: "لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ئاو لە سەرێ کانی بڕاوە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە سوپای تورک و چەتەکان هێرشیان کردە سەر وێستگەی ناردنی ئاو لە گوندی عەلۆک-ی سەر بە سەرێ کانی".

ک-ش