قەسەدە: دەوڵەتی تورک ئاگربەست پێشێل دەکات

قەسەدە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک ئاگربەستی پێشێل کردووە و هێرشەکانی ڕاناگرێت و ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەوەی ٣٠ کاتژمێر بە سەر ئاگربەستدا تێپەڕیوە، تا ئێستاش سەرێکانی گەماڕۆ دراوە و رێگە نادەن بۆ خەڵکی مەدەنی و برینداران ڕێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە.

ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی گشتی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"لە ١٧ی تشرینی یەکەم لەنێوان ئێمە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک) و دەوڵەتی تورک بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست ڕاگەیەندرا. قەسەدە لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ ئاگربەستەکەی جێبەجێکرد. بەڵام تورکیا تا ئێستاش هێرشەکانی ڕانەگرتووە و ئاگربەستی پێشێل کردووە. رێگە نادات رێڕەوی مرۆڤی بکرێتەوە بۆ ئەوەی برینداران و خەڵکی مەدەنی لە سەرێکانی ببرێنە دەرەوە، سەرێکانی گەماڕۆ داوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ٣٠ کاتژمێر بەسەر ئاگربەستەکەدا تێپەڕیوە.

مایک پینس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا کردووە، لەبەرامبەر پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن تورکەوە و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ بریندار و مەدەنیەکان بەرپرسیارن.

لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیمان بە بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەڵینیان داوە کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیان نەناوە.

بەڵێنمان دا و بە پێی ئاگربەستەکە جووڵاینەوە و تا ئێتاش وابەستی ئاگربەستەکەین. بەڵام داوا لە ئەمریکا دەکەین بە پێی ڕێککەوتنەکە بجووڵێتەوە و فشار لە تورکیا بکات بۆ ئەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دروست بکرێت و بریندار و خەڵکی مەدەنی کە لە ژێر گەماڕۆدان ڕزگار بکرێن."

ف.ق