هێرشەکانی تورک داعش چالاک دەکاتەوە

بە دەستپێکردنی هێرشی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەرباکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش لە ناوچەکە چالاک دەبنەوە، ئەوەش لە هێرشێک بۆ سەرهاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە بەسیرە وهێرشکردنە سەرنەخۆشخانەی شەحیل رەنگی دایەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی سوپای تورکی داگیرکەر، ئەگەری گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە زۆر زیادی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە بەڵگە زۆربەی سەرکردەکانی داعش دانیان بە هاوکاری تورکیا ناوە.

چەتەکانی داعش لە گوندەکانی دێرەزور ئەو دۆخەیان لە ناوچەکە بەهەل زانیوە کە تا ئێستا شانە نوستووەکانی داعشی لێ ماوە، ئەو شانە نووستووانە دەستیان بە جموجۆڵ کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی لە شارەدێی بەسیرە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو لەبەردەم ماڵەکەی کراوەتە ئامانج، بەهۆیەوە خۆی و دایکی بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لە لایەکی دیکەوە، شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش، نەخۆشخانەی شەحیل لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوریان لە ڕێگەی بۆمبی چێندراوەوە کردوەتە ئامانج.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەی ئاشکرا کرد، هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، یارمەتی ژیانەوەی داعش و دروستکردنی مەترسی دەدات نەک تەنیا بۆ سەر ناوچەکە، بەڵکو بۆ سەر هەموو جیهان.

ک-ش