بەشتاش:دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات!

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، گیانلەدەستدان لە گرتووخانەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستی پێکردووە و وتی:"دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات."

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلمانی تورکیا لە بارەی پرۆژەیاسای کەمکردنەوەی سزاکان، لە پەرلەمان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.

بەشتاش رایگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە بانگەوازی 'لە ماڵەوە بمێنەوە' دەکەن، بەڵام ' ئەم دروشمە بۆ گرتووخانەکان جێگای قبوڵکردن نیە' و وتی:"لە گرتووخانەکان ژیان بەرەو کۆتایی دەڕوات. چونکە لە هەر قاوشێک ٥٠-٦٠ کەس بە یەکەوە دەمێننەوە و هیچ رێوشوێنێکیش نەگیراوەتەوە بەر. دەبێت داد و یەکسانی بۆ هەموو تاکێک وەکو یەک بێت. ئێمە یاسای دوژمنایەتیمان ناوێت، بەڵکو یاسای مرۆڤایەتیمان دەوێت."

بەشتاش هەروەها وتی:"ئەم پرۆژەیاسایە بۆ یەکسانی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگادا جیابوونەوە و پەرتبوون دروست دەکات. ئەم پڕۆژەیاسایە نەک تەنها کاریگەریەکی خراپ لەسەر سەدان هەزار زیندانی دروست دەکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر میلیۆنان کەس لە ناو کۆمەڵگاشدا دروست دەکات. جگە لە خانەوادەی زیندانیان، بە میلیۆنان کەس لەسەر ئاگرن."

لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە جەختی کردەوە، بەردەوامیدان بە سیاسەتی دیلگرتن، بە واتای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دیت و وتی:" لە گرتووخانەی بافرای سامسوون زیندانیەک گیانی لەدەستدا. ویستیان ئەمە بشارنەوە، بەڵام نەیانتوانی. داواکاری گشتی ئاشکرای کرد کە ئەو زیندانیە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە. محمد یەتەر بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گرتووخانە گیانی لەدەستدا. ئەمە مردن نیە، بەڵکو کوشتنە. لە گرتووخانەکان ئیدی زیندانیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیان لەدەست دەدەن."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا باشاران وتی:"بەم پرۆژەیاسا نوێیە، کەسانی وەکو بکوژانی سۆما، ئەرمەنەک و چۆرلو ئازاد دەکرێن، بەڵام ئەو کەسانەی لە لایەن جەماوەرەوە لە پرۆسەی هەلبژاردنەکاندا، هەڵبژێردراون لە گرتووخانەکاندا دەمێننەوە. گوێ لە ویشدان و داد و یەکسانی بگرن. بکوژانی ژنان ئازاد دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بیروڕای جیاوازن ئازاد ناکرێن. بۆ ئەوەی ئەم کارەساتە روو نەدات، دەبێت هەنگاو بنرێت."

ز.ش