تەژەکە – ئەوروپا کوشتنی ژنێکی کوردی لە لاڤریۆ شەرمەزار کرد

بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەی ژنانی کوردستان – ئەوروپا کوشتنی ژنێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانی لە شاری لاڤریوی یونان لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە توندی شەرمەزار کرد.

بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەی ژنانی کوردستان – ئەوروپا لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی ئەوەی کرد، ئەڤین ئەکرەم پەنابەری کوردی ڕۆژئاوا کە بە هۆی هێرشی تورکیا – داعش لەدژی رۆژئاوا دوو ساڵ بوو لە سەر خاکەکەی ئاوارە بوو، لە شاری لاڤریۆی یونان لە پێش چاوی منداڵەکانی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا. ئێمە ئەم کوشتنە دڕندەیە، بکوژ و بە سیستمی دەوڵەت کە بکوژەکان دەپارێزێت بە توندی شەرمەزار دەکەین.

رووداوی کوشتنەکە ٢٩ی کانونی دووەم کاتژمیر ٢٠:٠٠ لە شاری لاڤریۆ لە کەمپی پەنابەران لە قاتی دووی باڵەخانەی پۆلس ڕوویدا. پەنابەری ڕۆژئاوا ئەڤین ئەکرەمی ٣٥ ساڵە لە لایەن هاوسەرەکەی بە ناوی بەهزاد عەلی بە چەقۆ کوژرا. بکوژەکە کە لە سەرەتادا هەڵهات، دوای سێ کاتژمێر لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا. ئەڤین ئەکرەم دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خانەوادەکەی ئاوارەی یونان ببوو و دایکی چوار منداڵە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت، لە ئێستادا توندوتیژی دژی ژنان لە لایەن کۆنەپەرستی زایەندەپەرستی کۆمەڵایەتی پشتگیریدەکرێت و دەوڵەت و دەسەڵاتیش بە شێوەی ڕێکخستنی نوێنەرایەتی توندوتیژی دەکات.لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی ژنان ئاستەنگ بکرێت، فاشیزم لە ناو کۆڵان و ماڵدا بەخێودەکرێت، لە لایەکی ترەوە بە هەموو شێوەیەک هانی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ژنان دەدرێت.

کوشتنی ژنان نە تەنها لە ناو خانەوادە و جەماوەردا ڕوودەدات، لە هەمان کاتدا دەوڵەت پێشەنگایەتی ئەم فاشیزمە دەکات. توندوتیژی نە تەنها دژی ژنانە، لە کەسایەتی ژناندا لە هەموو کۆمەڵگا دەکرێت.

توندوتیژی دژی ژنان کێشە و ڕۆژەڤی هەموو ژنانی جیهانە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە ژن بێ جیاوازی، زمان، دین، نەژاد و ئەتنیک، لە دەوری یەکتری کۆببنەوە و هەستنە سەرپێ. کوشتنی ژنان وەک قڕکردنی زایەندییە. لەدژی ئەمەش پێویستی بە تێکۆشانێکی ڕێکخستنکراو هەیە. ژنان بە رێکخستن و تێکۆشان دەتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

لەدژی توندوتیژی دەسەلاتداری دەوڵەت و سەردەستی پیاوا، ئێمە بانگ لە ژنان و پیاوان دەکەین لەدژی توندوتیژی و کلتوری کۆمەڵکوژی بوەستنەوە و دەنگیان بەرز بکەنەوە و ئێمە دەڵێین، بۆ ژیانێکی ئازاد ئێمە هەستینە سەر پێ.

ف.ق