'دەسەڵات بەدوای هەلەوەیە، کارەساتیش لەبەردەرگایە'

شازیە کۆسە یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا بەدوای هەلەوەیە و وتی، "ئەگەری هەیە دۆخی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە تورکیا دووبارە ببێتەوە. ئەگەری هەیە دۆخی تورکیا لە دۆخی ئەو وڵاتانە خرابتر ببێت."

شازیە کۆسە یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، "دەسەڵات و سەرمایەداری لەجیاتی ئەوەی بەدوای هەلەوەبن پێویستە بە زووترین کات رێوشوێن بگرنەبەر."

'دۆخی تورکیا خرابتر دەبێت'

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کۆسە ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕژێم و دەسەڵاتی تورکیا بەرپرسیاری کەموکورتیەکانە و سوود لە ئەزموونی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرناگرێت. بە هەڵوێستی ' هەموو کەسێک سەرپشکە کە خۆی کەرەنتینە دەکات' بەرپرسیاری دەخاتە سەر ئەستووی گەل.

ئاشکرایە کە وەک ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەبێت. ئەگەری هەیە دۆخی تورکیا خرابتریش ببێت. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کارەسات لەبەردەرگایە."

ڕێوشوێنی خێرا

لە ڕاگەیەنراوەکەدا بۆ کرێکارەکان کە لە بواری بیناسازیدا کار دەکەن داوای ئەم ڕێوشوێنانە کرا:

لە هەموو ئەو شارانەی کە کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕانەگرتووە، پێویستە کەرەنتینە دروست بکرێن و یاسای ١٤ ڕۆژ کەرەنتینە جێبەجێ بکرێت.

دوای ئەوەی کەرەنتینە کۆتایی هات، ڕێگا بدرێت کرێکاران سەردانی ماڵەکانیان بکەن.

پێویستە کرێکاران لە کارەکانیان دەرنەکرێن و مووچەکانیان نەبڕدرێت و مۆڵەتیان پێبدرێت.

جگە لە تەندروستی، خوراک، پێداویستی پاکوخاوێنی و پێداویستی ڕۆژانە نابێت هیچ سێکتەرێکی تر درێژە بە کارەکانیان بدەن.

ف.ق