سانجار: پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە ڕاگرین
میدحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ڕایگەیاند، پێویستە ئەم دەسەڵاتە ڕاگرین و داوای لە کۆمەڵگا کرد یەکبگرن."
میدحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ڕایگەیاند، پێویستە ئەم دەسەڵاتە ڕاگرین و داوای لە کۆمەڵگا کرد یەکبگرن."
میدحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی پارتەکەی کە لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە ئەنجامدرا ئاماژەی بە پرسەکانی ڕۆژ کرد.
سانجار وتی، حکومەت لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت بەڕێوەنابات و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ئەم سیاسەتەی پەیڕەوکرد. بەو بڕیارە کە لەناکاو دەریکرد ئەگەری هەیە بە هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسەکە بن. حکومەت ئەم بەرپرسیاریەی خستە ئەستووی خەڵک و ناحەقی لەگەڵ کرد. بەڵام بەرپرسیار حکومەتە. بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لەدژی دەستووری بنەڕەتیە. ئەم دەسەڵاتە گرنگی بە هاوڵاتیان نادات و یاسا ناناسێت. لەبەرئەوەش هەڕەشەی ڤایرۆسەکە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت."
پێویستە سۆیلو دەستلەکاربکێشێتەوە
سانجار ئاماژەی بە لێدوانی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیادا کە دانی بە هەڵەکەیدا نابوو و وتی، "ئەوە هەڵەیە لەبەرچاوە و پێشبینینەکردنە. ئەوە یاریکردنە بە ژیانی هەزاران کەس. پێویستە سۆیلو دەستلەکاربکێشێتەوە و پێویستی هەڵەکەی بەجێبهێنێت. ئەگەر دەستلەکارنەکێشێتەوە، پێویستە لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە. ئەوە پرسی دەسەڵاتە. ئەگەر ئێوە کۆمەڵگا و مرۆڤەکان بکەنە ناوەندی سیاسەتەکەتان ناتوانن ئەم شتانە بکەن. لەبەرئەوەی ئێوە بەردەوامی بە کارکردنی ناوخۆیی دەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە."
ناردنی تەرمەکان لە ڕێگەی پۆستەخانە کارێکی ناڕەوایە
سانجار ئاماژەی بە یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیان کرد و وتی، "ناوەڕۆکی هەمواری یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیان زۆر تەسکە. کۆمەڵگا لە عەقلیەتی خراب گەورەترە. بە تەنها لەم یاسایەدا جیاوازی ناکەن، بەڵکو لە ئێستا بەدواوە ئەوانەی لەدژی دەسەڵات دەبنە ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی کردەوەی قوڕستر دەبنەوە. بە تایبەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنتەرنێت و میدیای کۆمەڵایەتی سەرقاڵن کە یاسایەک ئامادە بکەن. دەڵێن با ئیدریس بالوکەن بمرێت، ئەمە چ خرابی و عەقلیەتێکە؟ خرابیەکی تر کە بەها مرۆڤایەتیەکان دەخاتە ژێر پێی ئەوەیە کە تەرمێک لە ڕێگەی پۆستەخانەوە بۆ خانەوادەکەی ڕەوانە بکرێتەوە. هەروەها پارەی پۆستەخانەکەش لە دایکی تەرمەکە وەردەگیرێت. ئەوە لە چ دەسەڵات، ئایین و سیاسەتێکدا جێگای دەبێتەوە."
ف.ق