دایکی بایرام کایماز، مەدینە کایماز (٨٠ ساڵ)، دژی فشار و پێشێلکارییەکان بەرامبەر کوڕەکەی و زیندانیانی تری نێو زیندانی تەکیرداغ تیپی F، لە لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەزمیر، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. بێجگە لە دایکە مەدینە، چەند ئەندامێکی کۆمەڵەکە بەشداری لێدوانەکە بوون. مەدینە کایماز، ئاماژەی بەوە کرد، زۆرێک لە زیندانیکراوان لەژێر هەلومەرجێکی سەختدان، گوتی: "داوای زیندانییەکان جێبەجێ ناکرێت، خواردنیان خراپە. پارەی کارەبا دەدەن، کەچی ناتوانن ئاوێک بەخۆیاندا بکەن. کاتێک داوای مافەکانیان دەکەن، ئەشکەنجە دەدرێن، سزای دیسپلین بەسەریاندا دەسەپێنرێت".
کایماز ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بە مەبەستی چاوپێکەوتن لە ئەزمیر دەچێت بۆ تەکیرداغ، گوتی: "بۆ چاوپێکەوتنێکی یەک کاتژمێری چوونی من دوو ڕۆژ دەخایەنێت. نادادی و بێ مافی بەسەر ڕۆڵەکانمان دەسەپێنن، بەڵام نە ئێمە و نە مناڵەکانمان ملکەچ نابین. پەشیمانی بەسەر زیندانیانی ٣٠ ساڵە دەسەپێنن. سزاکانیان دوا دەخرێت. تەنها تاوانیان کوردبوونە".
کایماز دووپاتی کردەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە، گوتی: "ئەمە ٢ ساڵە چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی ناکەوێت. ئاخۆ تەندروستی وی چۆنە، کەس نازانێت. ئەمە دادپەروەری نییە. کورد بە شەڕ ملکەچ نابێت. بە ئازادبوونی ئۆجالان، فشاری نێو زیندانەکان کۆتایی دێت. گەلی کورد و گەلی تورک ئازاد دەبن. ئەگەر گۆشەگیری هەڵبگیرێت، هەمووان بە ئاسوودەیی دەژین. ئیتر نادادپەروەری سەر ڕۆڵەکانمان کۆتایی دێت".
پاشان هاوسەرۆکی لقی ئەزمیری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، عەلی ئایدن، گوتی: "زیندانییەکان دوور لە بنەماڵەکانیان دادەنیشێنن. بەم شێوەیە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان لەگەڵ ڕۆڵەکانیان ئاستەنگ دەکەن. زیندانییە نەخۆشەکان چارەسەر ناکرێن. بۆیە نەخۆشییەکان دەبنە نەخۆشی درێژخایەن. بەهۆی خراپی خواردنەوە، نەخۆشییەکان زیاتر دەبن. بە سزای میزاج و دیسپلینی، ئازادکردنی زیندانەکان ئاستەنگ دەکرێت. ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دەخوازین فشاری سەر زیندانییە سیاسییەکان کۆتایی بێت".