ئەنجامنامەی هەژدەهەمین کۆنفرانسی کوردان ئاشکرا کرا کە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامنامەکەدا، تیشکخراوەتە سەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داواکراوە ڕێکارەکان دژی گۆشەگیری بگیرێتە بەر.
لە ئەنجامنامەدا باس لەوە کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ و یادی سەدساڵەی کۆماردا، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیادا، هێڵی میلیتاریزم و دژە دیموکراسی بەهێزتر بووە، هێرشەکان بۆ سەر کوردان زیاتر بووە.
ئاماژە بەوە کراوە، لەماوەی دەسەڵاتی ئاکەپە/ئەردۆگان، سیاسەتی ڕەگەزپەرستی زیادی کردووە لەگەڵ پاشەکشەی وڵاتەکە لە پەیمانی ئیستەنبوڵ ئەم سیاسەتە گەیشتە لوتکە. هەروەها تیشک خرایە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی تورک، بەتایبەت هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای و باشوری کوردستان، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و کوشتنی سڤیل و گۆڕینی دیمۆگرافی و پشتیوانی لە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، ئەمەش هەڕەشەی جدییە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین.
بۆیە دووپاتی دەکەنەوە، مەسەلەی سەرەکی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، چارەسەری سیاسی پرسی کوردە.
ئەنجامنامەکە بەم داواکارییانە کۆتایی هاتووە:
"*پێویستە یەکێتیی ئەوروپا بەرپرسیارێتییەکانی لە پەیماننامەی لۆزان لەبەرچاو بگرێت و بەگوێرەی داواکارییەکانی ڕاپۆرتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا بجووڵێتەوە.
*پێویستە دەمودەست ڕاپۆرتی دوایین سەردانی (سی. پی. تی.) بۆ ئیمراڵی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بڵاو بکرێتەوە. پێویستە (سی. پی. تی.) فشار بخاتە سەر تورکیا تاوەکو ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگرێت کە دژی بەڵێنەکانە.
*پێویستە ئەنجومەنی ئەوروپا ڕێگری لە هەموو پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بکات.
*پێویستە دەمودەست دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بێت و بەپێی یاسای "مافی هیوا" ئازاد بکرێت. لێرەدا باس لە هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد دەکەین، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەسەر ئاستی جیهان دەستیپێکرد، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ دیموکراسی و ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، پێویستە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییەدا جێ بگرێت.
* وەک کۆنفرانسی کۆمیسیۆنی هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەوروپا، دڵخۆشین بە بڕیاری بەخشینی خەڵاتی ئاشتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا بە ژنە کورد ژینا ئەمینی کە سیمبول و تێکۆشانی دروشمی ژن، ژیان، ئازادییە و پشتیوانی خۆمان بۆ تێکۆشانی ژنانی کورد دەردەبڕین.