باقرخان: پێویستە بەرخۆدان و پشتیوانی مەزن بکەین
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ، تونجەر باقرخان، گوتی: "پێویستە بەرخۆدان و پشتیوانی مەزن بکەین، پێویستە لە خەباتی هەڵبژاردنی هەرێمیدا پێکەوەبین".
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ، تونجەر باقرخان، گوتی: "پێویستە بەرخۆدان و پشتیوانی مەزن بکەین، پێویستە لە خەباتی هەڵبژاردنی هەرێمیدا پێکەوەبین".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)، تونجەر باقرخان، لە کۆبوونەوەی گشتی پارتەکەی لە پەرلەمان قسەی کرد و نرخاندنی بۆ پێشهاتەکان کرد.
باقرخان ئاماژەی بەوە کرد، مێژووی تورکیا "مێژووی کودەتایە"، گرتنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغی وەک کودەتایەک پێناسەکرد. ئەوانیش وەک سەید ڕەزا گوتیان "ئەمە تاوانە، ئەمە زوڵمە". لە ساڵیادی کوشتنی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی بانگەوازی لە پەرلەمان کرد، گۆڕی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی ئاشکرا بکرێت.
باقرخان ئاماژەی کرد بە بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی میکانیکی کودەتا، هۆکاری کودەتای گەڕاندەوە بۆ خواستی تەسفیەکردنی سیاسەتی دیموکراتیک. تاوەکو پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان ئەمەی بەجوانی پێناسە کرد، ئەو گوتبووی، لە تورکیا میکانیکی کودەتا هەیە و هەمیشە زیندووە. لەبەرئەوەی میکانیکی کودەتای ئاشکرا کرد، بە توندی گۆشەگیرکراوە. گۆشەگیری جەوهەری میکانیکی کودەتایە. تا لە ڕاستی گۆشەگیری تێ نەگەین، لە کودەتا تێ ناگەین. میکانیکی کودەتا لایەنی هەرە تاریکی زیهنیەتی دەوڵەتە. ئەم میکانیکی کودەتایە، تێگەی چارەسەرنەکردنە دژی کوردان و هەموو لایەنەکانی تر".
باقرخان دووپاتی کردەوە، ئاکەپە و مەهەپە، خۆیان میکانیکی کودەتان، ئەم میکانیکی کودەتایە لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە لە کوردستان و تورکیا بەردەوامە. ئەم زیهنیەتە کودەتاچییە لەبری چارەسەر، پەنا دەباتە بەر کۆمەڵکوژی و کوشتن. وەک بۆمبارانکردنی بوارەکانی ژیان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم زیهنیەتە کودەتاچییە هەموو ڕۆژێک نکۆڵی لە هەبوون و ستاتۆی کوردان دەکات، بەردەوامە لە زیهنیەتی تاک میللەتی. هەرچییەک ڕووبدات، پێویستە دژی ئەم زیهنیەتە قەدەغەکەر و کودەتاچییە تێکۆشان و بەرخۆدانی مەزن بکەین.
پاشان ئاماژەی کرد بە کودەتاکەی دادگای باڵا، وەک کودەتایەک وەسفی کرد، ئەردۆگان هەر لە سەرەتاوە پشتگیری لە کودەتا کرد.
باقرخان لەم بارەیەوە گوتی: "لەلایەک گفتوگۆ لەسەر دەستووری نوێ دەکەن و داوای پشتیوانی لە پارتە سیاسییەکان دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە پشتیوانی لە کودەتای دادوەری دەکەن. جڤاک دەدەن بە گژ یەکدا. پێناسەیەکی پووچ و بەتاڵ بۆ سەرچاوەکانی دەسەڵات دەکەن، وەک دەسەڵاتی نەتەوەیی و خۆماڵی. بۆ خاتری خودا، لە کوێی دونیادا دادگایی نەتەوەیی و خۆماڵی هەیە، لێتان دەپرسین؟ بەڵێ، لە شوێنێکدا هەبوو. لە ئەڵمانیای نازی".
باقرخان، لە پەیامێکدا بۆ جەهەپە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی پێشتر بێدەنگ بوون لە دانانی قەیومەکان و لە جیاکاری بەرامبەر کوردان، بەرامبەر ناحەقییەکان دەنگیان هەڵنەبڕی، ئێستە دەڵێن داوای ماف و دادپەروەری دەکەین. ئێمە ئەوکات وتمان "ئەم ئاگرە ڕۆژێ هەموومان دەسوتێنێت". تاوەکو هەموو پێکهاتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی جڤاکی بەشێوەیەکی بەهێز دەنگ هەڵنەبڕن، کودەتاچیان و پرۆسەی کودەتا بەردەوام و پتەوتر دەبێت.
باقرخان ڕایگەیاند، پێویستە دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرێت، لە شوێنی دەستووری کودەتا، دەستوورێکی دیموکراتیک دەخوازین. دەستوورێک قبووڵ ناکەین هەمووان بە تورک بزانێت، بەگوێرەی بەرژەوەندی پیاو نایەکسانی ڕەگەزی قووڵ بکاتەوە، ڕێساکانی دەوڵەت و مافە جڤاکییەکان تەنیا وەک حبری سەر کاغەز ببینێت، ئازادی ویژدان و باوەڕ لەبەرچاو نەگرێت. زیاتر و زیاتر، جەخت لە دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی دەکەینەوە. ئەوانەی لەڕێگەی کودەتای دادگای باڵاوە دەیانەوێت دەستووری نوێ ڕابگەیەنن، نایانەوێت لەم وڵاتە کەس بەئازادی بدوێت.
باقرخان، دووپاتی کردەوە، لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکان، دیسانەوە شارەوانییەکانمان لەدەستی قەیومەکان ڕزگار دەکەین. ئێمە ئامادەین بۆ هاوپەیمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوانەی نابینە هاوپەیمان کە پاڵپشتی گەلەکەمان و ڕەنجدەرانمان ناکەن.
باقرخان لە کۆتایدا، ڕایگەیاند، سەردەمێکی زەحمەت و گرانە. پێویستە بە هەموو هێزمانەوە لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکان جێ بگرین. ئەم دەسکەوتانە بەرئەنجامی قوربانی و ڕەنجی مەزنە، گوتی: "ئێمە لە سندووقەکانی دەنگدان قەیومەکان و ئارەزوومەندانی قەیوم لەناودەبەین. بەم بیروباوەڕەوە، بەڕێزەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم. ئێمە و گەلەکەمان سەردەکەوین".