بەدڵنیاییەوە کۆمیسیۆنەکە پێکدەهێنرێت: چاوەڕێی پێشنیاری پارتە سیاسییەکانن

پارتە سیاسییەکان لەماوەی هەفتەیەکدا پێشنیارەکانیان سەبارەت بە کۆمیسیۆنەکە پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش دەکەن. پاشان کورتولموش ڕەشنووسێک دەخاتە بەردەم پارتە سیاسییەکان و بەدڵنیاییەوە کۆمیسیۆنەکە پێکدەهێنرێت.

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش و سەرۆک فراکسیۆنی پارتە سیاسییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، لە پەرلەمن بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک کۆبوونەوە. سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئاکەپە و مەهەپە و دەم پارتی و جەهەپە و ئیی پارتی و Yenî Yol ئامادەبوون، کۆبوونەوەکە نزیکەی ٢ کاتژمێر و نیوی خایاند.

لە کۆبوونەوەکەدا باسی چ کرا؟

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، بابەتی پەیڕەوی ناوخۆیی و کاروباری پەرلەمان بوونە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە. هەروەها لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و چۆنێتی پێکهێنانی و چوارچێوەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە وتوێژ کراوە.

هەموو پارتە سیاسییەکان سەرنجی خۆیان لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە و پێشنیارەکانیان لەم بارەیەوە خستەڕوو. پارتە سیاسییەکان بۆچوونەکانیان لە چوارچێوەیەکدا ئامادە دەکەن و لەماوەی هەفتەیەکدا ڕادەستی سەرۆکی پەرلەمانی دەکەن، دواتر سەرۆکی پەرلەمان بۆچوونی پارتەکان لەبەرچاو دەگرێت و ڕەشنووسێک دەخاتە بەردەم پارتە سیاسییەکان.

بەگوێرەی هەواڵەکە دوای ئەم پێشهاتانە، بەدڵنیاییەوە کۆمیسیۆنەکە پێکدەهێنرێت. بەڵام کاتی پێکهێنانی نادیارە. زانراوە، کە کورتولموش خوازیارە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان، کۆمیسیۆنەکە پێکبهێنرێت. ئەگەر ئەم کاروبارانە تا ئەو کاتە تەواو ببن، کورتولموش پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە ڕادەگەیەنێت، کۆمیسیۆنەکەش لە ٣٥ ئەندام پێکدێت.

هەوڵێکی زۆر دەدرێت تاوەکو هەمووان لە کۆمیسیۆنەکەدا نوێنەرایەتییان هەبێت و کۆمیسیۆنێکی فرەڕەنگ بێت. پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانیش بەشداری کۆمیسیۆنەکە دەکەن و بەوردیی چاودێری کارەکانی دەکەن.

هێشتا نازانرێت کۆمیسیۆنەکە بە ڕێگەیەکی یاسایی یان ڕێگەیەکی دیکە پێکدەهێنرێت. هێشتا ناڕوونی هەیە لەم بارەیەوە. بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا، دەم پارتی پێداگری کردووە کە کۆمیسیۆنەکە وەک کۆمیسیۆنێکی پسپۆڕ بێت و بەشێوەیەکی یاسایی پێکبهێنرێت، کارەکانیشی بەم شێوەیە بێت. چونکە بەم شێوەیە دەبێت زەمینەیەکی تەندرووستتر بۆ پرۆسەکە. بەڵام نوێنەری هەندێک لە پارتە سیاسییەکان ڕایانگەیاند کە کۆمیسیۆنەکە دەکرێت بە دەسپێشخەریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی پەرلەمان پێکبهێنرێت و و بەو شێوەیە کار بکات.

بەگوێرەی هەواڵەکە، بێجگە لە ئیی پارتی، هیچ پارتێکی تر دژی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە هەڵوێستێکی نەرێنی نیشان نەداوە، داواکراوە کۆمیسیۆنەکە بەپەلە پێکبهێنرێت.