بنەماڵەکان بەمەبەستی رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکارییان پێشکەش کرد

بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی، کە ٤٣ مانگە هیچ هەواڵێکیان نازانرێت، بنەماڵەکان داواکارییان پێشکەش کرد.

ناوەندی هەواڵ محەمەد ئۆجالان برای رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مەزڵوم دینچی پارێزەری، بە داواکاری ئەنجامدانی دیدار سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

بەهەمان شێوە ئەمینە کۆنار، خوشکی عومەر خەیری کۆنار، پۆڵاد یەڵدرم برای حامیلی یەڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش بە داواکاری ئەنجامدانی دیدار، داواکاری گشتیی و بەڕێوەبەرایەتی زیندانیان بەسەرکردەوە.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە کە بە پیلانگێرییەکی نێونەتەوەیی رفێندرا، گۆشەگیرکراوە.

داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بنەما رەتدەکرێنەوە یاخود وەڵامیان نادرێتەوە. هەندێک جاریش دوای چەند مانگ رادەگەیەندرێت کە سزای دیسپلین بڕاوەتەوە. هۆکاری سزاکەش راناگەیەندرێت.