چالاکی ناڕەزایەتی لە چەندین شار: ڕژێم شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات_نوێکرایەوە

لە چەند شارێک دژی کودەتای قەیوم چالاکی ئەنجامدرا و گوترا: "ئەم ڕژێمە بە هەر کودەتایەکی قەیوم و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی شارەوانییەکان، شەرعییەتی دیموکراتیکی خۆی لەدەستدەدات".

دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی قاغزمانی قەرس بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چەند شارێک شەرمەزارکرا.

قەرس

لە قەرس بە پێشەنگایەتی دەم پارتی ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، ڕێپێوانەکە لەبەردەم شارەوانی قاغزمان دەستی پێ کرد. سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت، پەرلەمانتارانی دەم پارتی سومەیە بۆز و نەجلا دەمیر و هەڤاڵ بۆزداغ و یەڵماز هون و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی شار و ناوچەکان بەشداربوون.

ڕێپێوانەکە تا بینای دەم پارتی ناوچەکە بەردەوام بوو.

ڕێپێوانکەران لەسەر ڕێگەی خۆیان، سەردانی کاسبکارانیان کرد و ڕایانگەیاند تێکۆشانیان بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان بەردەوام دەکەن. گەلی ناوچەکەش پێشوازییەکی گەرمیان لە ڕێپێوانکەران کرد.

ئەنتاڵیا

لەبەردەم بینای دەم پارتی ئەنتاڵیا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەنتاڵیا ئەڤین ئاکداغ ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند دانانی قەیوم کودەتای دەسەڵاتە دژی ئیدارەی خۆجێی و پێشێلکردنی دەستوور و یاسا و هەڵبژاردن و ئیرادەی گەلە، گوتی: " ئەم ڕژێمە بە هەر کودەتایەکی قەیوم و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی شارەوانییەکان، شەرعییەتی دیموکراتیکی خۆی لەدەستدەدات. ئێمە لە هەموو جێیەک ئیرادەی گەل دەپارێزین".

ئامەد

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد لەبەردەم (AZC Plaza) ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، نوێنەری بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، پانکارت و درووشم دژی کودەتای قەیوم بەرزکرایەوە. وتەبێژی پلاتفۆرمەکە موستەفا مەسعود کایا ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە چەندین ساڵە بە کودەتای قەیوم هەوڵی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کوردان دەدات و مافی هەڵبژاردن پێشێل دەکات، گوتی: "دانانی قەیوم نەوەک هەر لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە قەیرانی قووڵ دەهێنێت. قەیوم ڕێگری دەکات لە خزمەتەکان بە زمانی کوردی. هێرشی سەر ئیرادەی گەل قبووڵ ناکەین".

ئەنقەرە

هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی لە شەقامی ساکاریای ناوچەی چانکایا کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەنقەرە فاتن کانات ڕایگەیاند سزادانی هاوسەرۆکی شارەوانی قاغزمان محەمەد ئاڵکان بڕیارێکی سیاسییە، دەسەڵات تادێت زیاتر متمانەی خۆی لای خەڵک لەدەست دەدات، دەیەوێت بە هێرشکردنە سەر ئۆپۆزیسیۆن و فشار و ستەم هەبوونی خۆی بپارێزێت، بەڵام شکست دەهێنێت.

کانات ڕایگەیاند بە ناردنی قەیوم یەکێتی و ئاشتی پێک نایەت، گوتی: "گەل شەڕی ناوێت. گەلەکەمان یەکسانی و مافی زمانی دایک و ئازادی بیرکردنەوەی دەوێت. پێویستە دەسەڵات قەیوم بکشێنێتەوە و ئیرادەی گەل قبووڵ بکات و زیندانیکراوان ئازاد بکات. دەبێت دەسەڵات بزانێت بێجگە لە دیالۆگ و ئاشتی ڕێگەی تر نییە".