چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" ئەم هەفتەیە لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەچێت

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" ماوەی ١٠ ساڵە بە بڕیار و پێداگرییەوە و بە دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" بەڕێوەدەچێت. ئەم هەفتەیە چالاکییەکە لەلایەن گەنجانەوە درێژەى پێدەدرێت.

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و ئێستا چالاکییەکە لە هەفتەی ٤٩٨هەمین دایە.

چالاکییەکە هەموو هەفتەیە لەلایەن دەستەیەکی نوێی لە کوردان و دۆستەکانیانەوە لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەش چالاکوانانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕن.

دەستە نوێکەى ئەم هەفتەیە پێکهاتوون لە سەرحەد دۆغان و فرات بۆتان و محەمەد یڵماز.

سەرحەد دۆغان بەناوی دەستەکەوە ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ ئامانجمان بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەشمانەوێت تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد ریسوا و ئیدانە بکەین.

سەرحەد دۆغان ڕایگەیاند، بێدەنگیی دەوڵەتانی ئەوروپا بەرامبەر ئەو تاوانە قبوڵ ناکەن و داوای لە گەلی کورد لە ئەوروپا کرد، کە هەڵوێست وەربگرن و پشتیوانی لە چالاکییەکە بکەن.

چالاکییەکە ماوەی ١٠ ساڵە لە گۆڕەپانی بەردەم (پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا، سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکە هەموو ٧ رۆژەکەى هەفتە لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ تاوەکو ١٦:٣٠ بەڕێوەدەچێت.

لە کاتی چالاکیی ئێشکگریدا، نامیلکە بە زمانە جیاوازەکان لەسەر ژیان، پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی دابەش دەکرێت و ئەوروپییەکان لە خواستەکان و پێشێلکارییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.

ژ.ت