چیچەک: بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، هەنگاوی ئازادییە
ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی جەنگیز چیچەک گوتی، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوی ئازادییە.
ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی جەنگیز چیچەک گوتی، بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوی ئازادییە.
ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی جەنگیز لەسەر بانگهێشتی چەند ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. هەروەها بەشداری کرد لە پانێڵێک بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرۆسەی نوێ لە تورکیا".
سەرەتای پانێڵەکە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی نیشاندرا. ئەندامی بەشێک لە ڕێکخراوەکان بەشداربوون و بە یەک دەنگ درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.
چیچەک لە پانێڵەکەدا دەربارەی ڕەوشی تەندرووستی ڕێبەر ئاپۆ زانیاری خستەڕوو.
چیچەک جەختی کردەوە کۆبوونەوەکان لە ئەوروپا و تورکیا و کوردستان بەردەوام دەبن، تیشکی خستەسەر گرنگی کۆبوونەوەکان و گوتی: "دیدارەکەمان لە دوورگەی ئیمراڵی، وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوتی "کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە".
"تەندرووستی عەبدوڵا ئۆجالان، تەندرووستی گەلێکە"
جەنگیز چیچەک گوتی: "تەندرووستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، تەندرووستی گەلێکە. تەندرووستی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، تەندرووستی سیاسەتی گەلێکە. دەتوانم بەڕوونی بڵێم، ئەو وێنەی بڵاوکرایەوە زۆر هەڤاڵی هەستیار کرد. چەندین هەڤاڵ گریان. ئەم وێنەیە تەنها گوزارشت لە ڕەوشی تەندرووستی بەڕێز ئۆجالان ناکات. ئەگەر وەک چاوەڕوانی گەل دیمەنێک بڵاوبکرایەتەوە، دەمانبینی چەند تەندرووست و پڕ وزە و قووڵ و وردبینە. بۆیە دەتوانم بڵێم، بەڕێز ئۆجالان لەڕووی زەینییەوە وردتر و قووڵترە، بە گوتنی وی، زیاتر "پاڵفتە" بووە، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت ئەم هەڵڕێژێت".
چۆن بەپێوە ماون؟
چیچەک ڕایگەیاند دوورگەی ئیمراڵی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێکانی گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی گۆشەگیری، گوتی: "بۆیە کاتێک دەپرسین چۆنە سەرباری ئەم شتانە، بەپێوە ماون، جەوهەرێکی تایبەتی هاوڕێیانمان لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان هەیە. هۆشیارییەک هەیە کە لەنێو چوار دیواردا بۆ پاراستنی سیاسەتی گەل و تێکۆشانی ئازادی، هەموو جێیەک دەکەنە گۆڕەپانی بەرخۆدان. ڕاستی هەرە بەرچاو لە زیندانی ئیمراڵی ئەمەیە".
پانێڵەکە زیاتر لە ٣ کاتژمێر بەردەوام بوو. بە پرسیار و شرۆڤەی گەل و سەرنجی چیچەک بەردەوام بوو. چیچەک جەختی کردەوە، بە درێژایی مێژووی تێکۆشان، سەرەڕای هەموو شتێک گەل یەکێتی خۆی پاراستووە.
"با ببینە هاوڕێی هەقیقەت"
چیچەک گوتی: "ئێمە تەڤگەری گەلین. ڕەنگە دەربارەی هەر بابەتێک بە جیاواز بیربکەینەوە. بۆ ئازادی خۆمان، قوربانی زۆرمان داوە. ئازادی تەنها کاری هەستوسۆز نییە، کاری زانست و مێژوو و سۆسیۆلۆژیایە. تاکە ڕێگەی دەرچوون لەم چەرخە مێژووییە ئەوەیە، ببینە هاوڕێی هەقیقەت و شایستە بین".
چیچەک ڕایگەیاند بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوێکی نوێیە و ناوی هەنگاوەکەش بریتییە لە "تێکۆشانی هەبوون کۆتایی هات، ئێستە نۆرەی ئازادییە".
کۆبوونەوەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.