دادگای دەستووریی تورکیا: کۆمەڵکوژیی ئەنقەرە بەهۆی کەموکوڕیی کارگێڕی و ئیدارییەوە روویداوە
دادگای دەستووریی تورکیا لەبارەی کۆمەڵکوژیی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە ئەنقەرە رایگەیاند، مافی ژیان پێشێل کراوە.
دادگای دەستووریی تورکیا لەبارەی کۆمەڵکوژیی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە ئەنقەرە رایگەیاند، مافی ژیان پێشێل کراوە.
لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥د لە بەردەم وێستگەى میترۆی ئەنقەرەدا و لە کاتی میتینگی دیموکراسی و ئاشتی و رەنج دا ، داعش کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا. حەسەن کلچ، کە لەو کۆمەڵکوژییەدا بریندار بوو بوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافی ژیانەوە لە دادگای باڵای دەستووری سکاڵای تۆمار کردبوو.
کلچ لە سکاڵاکەیدا رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشی بۆمبیدا، کە بەرپرسانی ئیداری و کارگێڕی دەیانتوانی رێگریی لێ بکەن، بریندار بووە، بۆیە داوایکردووە، ئەو زیانانەى بەریکەوتن بۆی قەرەبوو بکرێنەوە.
دەقی بڕیارەکە
لە بڕیارەکەى دادگادا هاتووە، "دەکرێت ئیدعا لەسەر پێشێلکردنی مافی ژیان قبوڵ بکرێت. بەپێی خاڵی ١٧ی دەستووری بنەڕەتی مافی ژیان لە رووی بنەما و ئوسوڵەوە (بە شێوەیەکی بنەڕەتی) پێشێل کراوە، بۆ ئەنجامی پێشێلکردنی ئاستی مافی بنەڕەتیی ژیان دەبێت سەرلەنوێ دادگایی ئەنجام بدرێت، نمونەیەک لە بڕیارەکە بۆ ٦هەمین لقی دادگای ئیداریی و کارگێڕیی ئەنقەرە بنێردرێت. بە یەکدەنگی بڕیاردرا، کە داوای سکاڵاکارەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى رەتبکرێتەوە، نمونەیەک لە بڕیارەکە بۆ وەزارەتی داد بنێردرێت".
ژ.ت