داوای چاوپێکەوتنی بنەماڵەی شەنیاشار دیسان ڕەتکرایەوە

داخوازی چاوپێکەوتنی ئامینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی دادی تورک، دیسان ڕەتکرایەوە.

ئێشکگری دادپەروەری ئامینە شەنیشار و کوڕەکەی، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز، فەرید شەنیاشار، ٣١ ڕۆژە لەبەردەم وەزارەتی دادی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە بەردەوامە.

بنەماڵەکە، ئەمڕۆ بە داخوازی دادپەروەری لەبەردەم دەرگای پەرلەمانەوە تا وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد. دیسان ڕێگە نەدرا بنەماڵەکە بچنە نێو وەزارەتی داد و چاوپێکەوتن بکەن. پۆلیس ڕێگەی نەدا، ڕۆژنامەوانان وێنە و دیمەن بگرن. پاشان، بنەماڵەکە گەڕانەوە بۆ پەرلەمان.

ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشار، ٣١ ڕۆژە، بە پاساوەکانی وەک "وەزیر لێرە نییە و لە دەرەوەی شارە" و "وەزیر لە کۆبوونەوەیە"، ڕێگە نەدراوە بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەت.