دەم پارتی: هەژاری چارەنوس نیە، وەرن پێکەوە ئەم سیستەمە بگۆڕین

کۆمیسیۆنی سیاسەتەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەم پارتی وتی: "هەژاری چارەنوس نیە، بەرهەمی سیاسەتەکانی حوکمڕانییە، وەرن پێکەوە ئەم سیستەمە بگۆڕین."

کۆمیسیۆنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەم پارتی بە بۆنەی '١٧ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی هەژاری' ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئاکەپە-مەهەپەوە تابێت هەژاری لەناو کۆمەڵگەی تورکیادا هەڵدەکشێت.

لەسەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات حوکمڕانی ئاکەپە-مەهەپە و هاوشێوەکانی هۆکاری هەژاریین و ناتوانن لە دژی هەژاری بووەستنەوە  و هاتووە: "بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و بەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان پاراستنی سروشت و مرۆڤە دەتوانرێت بە تەواوی هەژاری ڕیشەکێش بکرێت."

'هەژاری ژنان و کۆمەڵگە، دەرنجامی سیستەمی دژە-ژن و کۆمەڵگەیە'

لە بەردەوامیدا هاتووە: "هەموو هەژارییەکانی ژنان لە ئێستادا دەرنجامی سیستەمی دەسەڵاتداری دژە-ژنی ئێستایە. کرێکار، گوندنشین هەموویان لە هەژاریدان چونکە سیستەمی ئێستا دژی کرێکار و گوندییەکانە. هیچ هیوایەک بۆ ئایندەی گەنجان نەماوەتەوە، چونکە ئەم سیستەمە دژ بە توانا و ئامانجی گەنجانە."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ تێکۆشان لە دژی سیستەمی حوکمڕانی کراوە و هاتووە: " بە بۆنەی '١٧ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی هەژاری دەڵێن؛ هەژاری چارەنوس نیە، بەرهەمی سیاسەتەکانی حوکمڕانییە، وەرن پێکەوە ئەم سیستەمە بگۆڕین."