دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی ٣ پەرلەمانتار لە بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیادایە

دۆسیەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری جەهەپە عەلی ماهیر باشار و پەرلەمانتاری ئیی پارتی لوتفو تورکان ڕەوانەی پەرلەمان کراوە و پەرلەمان لە دانیشتنی گشتیی ئەمڕۆ دا ئەو دۆسەیە تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ لە دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری جەهەپە عەلی ماهیر باشار و پەرلەمانتاری ئیی پارتی لوتفو تورکان دەدرێت.

لیژنەی هاوبەش پێکهاتوو لە ئەندامانی لیژنەی دەستووری و لیژنەی دا لە پەرلەمان، نزیکەی سێ هەفتە لەمەوپێش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی باشار و تورکان دا بوو و ٨ مانگ لەمەوبەریش بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی سالیحە ئایدەنیز دابوو.

 بۆ تەواوکردنی پرۆسەی لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە، پێویستە بڕیارەکەی لیژنە هاوبەشەکە ڕەوانەی دەستەی گشتیی پەرلەمان بکرێت و لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت. پەرلەمانتاران پێش دەنگدان مافی ئەوەیان هەیە بەرگری لەخۆیان بکەن. لە دانیشتنی گشتیدا ١٥١ دەنگ بەسە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندیی هەر یەک لەو پەرلەمانتارانە. بۆ هەر پەرلەمانتارێک دەنگدانێکی جیا ئەنجام دەدرێت. ئەگەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی بدرێت، ئەوا ڕێگە بۆ دادگاییکردنی هەر سێ پەرلەمانتارەکە دەکرێتەوە.

ژ.ت