دەوڵەتی داگیرکەری تورک ١٦٠ ئاوارەی سوری دەگوازێتەوە بۆ گرێ‌سپی داگیرکراو

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ١٦٠ ئاوارە سوری لە وڵاتەکەیەوە گواستەوە بۆ هەرێمە داگیرکراوەکانی نێو خاکی سوریا، ئەوەش لەڕێگەی دەروازەی سنووری گرێ‌سپی، لەچوارچێوەی پرۆژەکانی نیشتەجێکردن لە هەرێمە داگیرکراوەکان.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە هەرێمی گرێ‌سپی داگیرکراو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دوێنێ هەینی، ١٦٠ ئاوارەی سوری لە دەروازە سنوورییەکانەوە گواستۆتەوە بۆ کانتۆنی گرێ‌سپی داگیرکراو.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەم ئاوارانە بە ئەسڵ خەڵکی شارەکانی حەما و حەلەب و ئەدلب و گوندەواری دیمەشق بوون.

بەم دواییانە ڕاگواستنی سورییەکان لە خاکی تورکیاوە بەرەو هەرێمە سوریە داگیرکراوەکانی ژێردەستی تورک و چەتەکانی چڕتر بووە، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ئاژانسەکەمان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆژەی بونیادنانی یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکەری لەلایەن بەپرسانی تورکەوە لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر لە ٢٢ هەزار ئاوارەی سوری ڕاگوێزراون بۆ هەرێمە سورییە داگیرکراوەکانی وەک جەرابلوس و ئەعزاز و گرێ‌سپی و سەرێکانی.

هەروەها لە کۆتایی مانگی حوزەیران، ٤٠ ئاوارەی سوری ڕاگوزراون، هەروەها لە ٩ ی تەمموز مناڵێکی ١٣ ساڵ بەناوی ئەحمەد تەڵاڵ مواس عیسا، لە گودنی دەبسی عەفنان ڕاگوێزرا.

جێگەی ئاماژەیە، لە ٢٣ ی حوزەیران، گەنجێک بەناوی عەلا عاسم شەحازە (٢٠ ساڵ) لە شاری یەبرود لە گوندەواری دیمەشق خۆی کوشت، پاش ئەوەی بەزۆرەملێ ڕاگوێزرا بەرەو کانتۆنی گرێ‌سپی داگیرکراو.