دەوڵەتی تورک ئێسک و پروسکی گەریلایەک لەناو سندووقێکدا دەداتە بنەماڵەکەی

دەوڵەتی تورک ئێسک و پروسکی گەریلایەک کە ساڵی ٢٠٢٠ شەهید بووە، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لەنێو سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکات.

گەریلای هەپەگە یەلماز ئوزون (تۆڵهەڵدان تەکمان) ساڵی ٢٠٢٠ لە سێرت لە هێرشی ئاسمانی لەگەڵ ٥ هەڤاڵیدا شەهیدبوو.

بنەماڵەکەی لە هەمان ساڵدا، بۆ ناسینەوەی گەریلا ئوزون، نموونەی خوێنیان دابوو، ئەنجامەکەش بەدەرکەوت. لەگەڵ ئەوەشدا تەرمی گەریلاکە بەزۆرملێ لە گۆڕستانی بێکەسان بەخاک سپێردرا.

پاش سێ ساڵ لە شەهیدبوونی، ئێسک و پروسکی گەریلا ئوزون، لەنێو سندووقێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

باوکی شەهید، ئیبراهیم ئوزون، ناچاربوو ئێسک و پروسکەکەی لەنێو سندووقێک وەرگرت، گوتی: "کوڕەکەم ساڵی ٢٠٢٠ گیانی لەدەستدا. ئەوکات هاتمە سێرت و نموونەی خوێنم بەخشی. هەرچەند ساڵی ٢٠٢١، ئەنجامەکەی دەرکەوت، بەڵام ئێمە ئاگادار نەکراینەوە. پاش ئەوەی داخوازینامەیەکمان پێشکەش کرد، تەرمەکەیان ڕادەستمان کرد".

بنەماڵەکە ئێسک و پروسکی کوڕەکەیان لەنێو سندووقێکدا وەرگرت و بەرەو ناوچەی تاتۆس لە ئەرزەڕۆم بەڕێ کەوتن.

تەرمەکەی لە گەڕەکی باستۆک لە ناوچەی تاتۆس بەخاک دەسپێردرێت. ئەوەش زانراوە، پێش بەخاک سپاردنەکەی، سەربازەکان هەڕەشەیان لە موختار و مەلای ئەو دەڤەرە کردووە. بانگی موختار کراوە و نوێژکردن لەسەر تەرمەکە لە مزگەوتەکەدا قەدەغە کراوە".

دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی سیستەماتیک هێرش دەکاتە سەر تەرمی گەریلا و گۆڕستانەکان.

عەگید ئیپێک کە ساڵی ٢٠١٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هەپەگەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١٧ لە شەڕێکدا شەهید بووە و بنەماڵەکەی ٣ ساڵ چاوەڕێی ئەنجامی دی ئێن ئەی بوون. لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ لە پزیشکی دادوەری ئامەد ئێسک و پروسکی گەریلاکە بە ناوی عەگید ئیپێک ڕادەستی ئەو بنەماڵەیە کرایەوە. دایکی، حەلیسە ئاکسۆی ئەو ڕۆژە گوتی "چاوەڕوانی دۆسیەیەک بووم بەڵام پاکەتەکەیان لەسەر زەوی پیشاندام و گوتیان "ئێسکەکان گەیشتن". سەرم سوڕما. ئێسک و پروسکی کوڕەکەمیان لەڕێگەی هێڵی گواستنەوەی (PPT) ڕەوانەکرد، واژۆم کرد و پاکەتەکەم و وەرگرت، بە ئۆتۆمبیلێک گەڕامەوە ماڵەوە".