گەلی کورد بۆ ڕێپێوانی ئازادی ئامادەیە

لە کۆبوونەوەی گەل پەیوەست بە ڕێپێوانی گەملیک کە سبەی لە ئامەد دەست پێ دەکات، بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیام دەدرێت.

بە ئامادەبوونی زۆرینەی پارت و ڕێکخراو و لایەنەکان، پەیوەست بە ڕێپێوانی ئازادی بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)ی ئامەد، عەباس شاهین، پەرلەمانتاری هەدەپی ئامەد، جەیلان ئاکچا و زۆر هاوڵاتی بەشداربوون، پانکارتی "ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" هەڵواسرا.

عەباس شاهین گوتی: "مێژوو جارێکی دیکە پشتڕاستی کردەوە کە بەڕێز ئۆجالان لەسەر حەقە. ئەو باشترین هەلومەرجی بۆ ئایندەی گەلەکەی ئافراند، بەڵام ئێمە ئەوەی پێویست بوو نەمانکرد. پێویستە گەل پشتیوانی ئۆجالان بکات. ئێستا گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستێک کە کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە. ئێمە وەک گەل دەتوانین بە پاراستنی بەهاکانمان ڕزگاری بکەین".

پەرلەمانتار جەیلان ئاکچا، گوتی: "شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنها بە پارادایمی ئۆجالان کۆتایی دێت".

هاوڵاتییەک لای خۆیەوە ڕایگەیاند، دەست لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بەرنادەن و گوتی: "وەک ٤٠ ملیۆن کورد مافی خۆمان دەوێت و دەست لە ئازادی ڕێبەرێتیمان بەرنادەین".

پاشان نامەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ خوێنرایەوە و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

ڕێزان

بۆ هەمان مەبەست لە ڕێزان کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، شیرین گوربوز، تیشکی خستەسەر ڕێپێوانی ئازادی، گوتی: "هەڵگرتنی گۆشەگیری بەس نییە، پێویستە بەشێوەی جەستەی بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکەین. با هەمووان بە ڕۆڵی مێژوویان هەستن و بەرەو گەملیک بجووڵێن".

پەرلەمانتاری هەدەپی ئامەد، خالیدە تورکئۆغلو، تیشکی خستەسەر گۆشەگیری، ڕایگەیاند پێویستە هەمووان بە ئەرکی خۆیان هەستن، گوتی: "پێویستە لە هەموو لایەک باسی گۆشەگیری بکەین، تا گۆشەگیری هەڵنەگیرێت، کەسمان ئازاد نابین. ئەمە مەسەلەی گەلە. تاکە ڕۆژەڤی ئێمە لەناوبردنی گۆشەگیرییە".

بسمیل

بۆ هەمان مەبەست، لە بارەگای هەدەپی بیسمیل، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، سوڵتان یارای ڕایگەیاند، جیهان چاوی لە ڕێپێوانی گەملیکە. هەرچی ڕووبدات، ڕێپێوانەکەمان ئەنجام دەدەین. 

هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، خەیرەدین ئاڵتون، بانگەوازی لە هەمووان کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ئازادی.

هاوڵاتیان لای خۆیانەوە دووپاتیان کردەوە، بێدەنگی بەرامبەر گۆشەگیریی، قبووڵکردنی گۆشەگیرییە.